ئاڵای کوردستان لەناو پەرلەمانی تورکیا بەرزکرایەوەو گرژیی لێکەوتەوە

27-03-2025 05:47

پەرەگراف

پەرلەمانتارێکی دەم پارتی ئاڵای هەرێمی کوردستانی لە کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی تورکیادا بەرزکردەوە، ئەوەش کاردانەوەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیای بەدواداهات و گرژیی دروست بوو.

لە کاردانەوەی سەرۆکی شارەوانی ئەنقەرە کە ئاڵای کوردستانی بە "پەڕۆ" ناوبرد، لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 26-3-2025ـی پەرلەمانی تورکیا، سرری ساکک، پەرلەمانتاری دەم پارتی پۆستەری ئاڵای کوردستانی بەرزکردەوە و وتی، ئەمە ئاڵای کیانی باشووری کوردستانەو لە عێراق دەستوورییە و نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم دەکات، "هەندێک لە سنوور دەرچوو بەم ئاڵایە دەڵێن پەڕۆ".

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەکرد، کاتێک شاندی حکومەتی هەرێم سەردانی تورکیا دەکات، لەپاڵ ئاڵای عێراقدا ئاڵای کوردستانیش هەڵدەکرێت، وتیشی "پەڕۆی راستەقینە عەقڵی ئێوەیە، نەژادپەرستی و دوژمنداریکردنی ئێوەیە لە بەرامبەر کورد".

لەبەرامبەردا پەرلەمانتارێکی ئیی پارتی ڕەخنەی تووندی لە وتەکانی پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی و پڕۆسەی چارەسەریی کرد کە لە تورکیا دەستی پێکردووە بۆ چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد.

یوکسەل سەلچوک تورکئۆغڵو، پەرلەمانتاری ئیی پارتی، وتی "بارزانی، دوای عێراق، ئەرکی دامەزراندنی دووەمین کیانی جوداخوازیە لە تورکیا. نەزانیی راستەقینە ئەوەیە بانگەشەی یەکێتیی خاکی تورکیا بکەیت و بارزانیستان بە هەڕەشە نەزانیت.. ئەو بەناو کیانە، بە داگیرکردنی کەرکووک، هەولێر و ناوچەی تورکمەنئەلی، بە رووخاندنی فەرمانگەی ناسنامەی تورکمانەکان و فەرمانگەی تاپۆی ئەوان بنیاتنرا".

تورکئۆغڵو لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی وتی،  "ئەم پرۆسەیە ناپاکییە"، هاوکات پەرلەمانتارانی دەم پارتی وەڵامیان دایەوەو گرژیی دروست بوو.

گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی، لە وەڵامدا وتی "کەسانێک دەیانەوێت بە مشەخۆری لەسەر خوێن، فرمێسک و مەینەتی بژین. کەسانێک دەیانەوێت کێشەی کورد بۆ هەمیشە بەردەوام بێت".