ئاڕاستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەی گۆڕان 'سەرکەوتن'ی ڕاگەیاند و کۆنفرانس دەبەستێت

26-03-2025 11:28

پەرەگراف

جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان(گردی زەرگەتە) کە ئاڕاستەی کوڕانی نەوشیروان مستەفان، سەرکەوتنیان لە ململانێ ناوخۆییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان ڕاگەیاند بە بەستنی کۆنفرانسی بزووتنەوەکە بە بڕیاری کۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە ڕێکەوتی 2025/4/5 لە گردی زەرگەتە.

دەقی راگەیەندراوی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان (گردی زەرگەتە)

‎هاونیشتیمانیان و گۆڕانخوازانی بەڕێز

‎هەڵسوڕاو و دڵسۆزانی بزوتنەوەی گۆڕان

‎سەرکەوتنتان پیرۆز بێت!

‎پیرۆزبای لە هەمو گۆڕانخوازان و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەکەین کە چەند رۆژێک پاش ساڵیادی راپەڕینی گەلی کورد، کە رەوانشاد نەوشیروان مستەفا ئەندازیاری بو، دواتر ئەندازیاری گۆڕانکاری و دامەزرێنەری بزوتنەوەی گۆڕان بو، پشت ئەستور بە یارمەتی خوای گەورە و لێبڕاوی گۆڕانخوازان، هەڵسوڕاوان و ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی و جڤاتی گشتی لە (بەرەی دەستور) حەق بەسەر باتڵدا زاڵ بو و تاجی سەرکەوتنی کردە سەری.

‎ وەفادار بە بەڵێنمان کە هەمو رێگەیەکی قانونی، سیاسی و رێکخراوەی بگرینەبەر دژ بە کودەتا و هەڵگەڕانەوە لە دەستوری ناوخۆی گۆڕان لە شەش مانگی رابردودا بە هەوڵێکی بێوچان موئامەرەی کودەتاچیەکان هەڵوەشایەوە. 

‎بە هەموان رائەگەیەنین بزوتنەوەی گۆڕان پاڵپشت بە بڕیاری فەرمانگەی پارتە سیاسیەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە رۆژی شەممە، 5ی 4ی 2025، کاتژمێر 10ی بەیانی، سێیەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی لە مەکۆی سەرەکی لە گردی زەرگەتە لە شاری سلێمانی ئەنجام ئەدات. بڕیاری کۆمسیۆن پاش هەنگاوە قانونی و رێکخراوەییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دێت.

لەم رێگەیەوە سەرجەم گۆڕانخوازان و هەڵسوڕاوانی راستەقینە کە پابەند بوون بە بەرنامەی سیاسی گۆڕان و کەلەپوری نەوشیروان مستەفا و دەستوری ناوخۆی ئامادەکاری تەواو بکەن و هەمو ئەندامانی دەستەی گشتی (الهیئة العامة) بانگێهێشت ئەکەین بۆ بەشداری کۆنفرانسی نیشتیمانی لە رۆژی دیاریکراودا ئامادەبن.

‎جارێکی دیکەش پیرۆز بێت تاجی سەرکەوتن.

‎ هاوپێچ دەقی بڕیارەکە.

‎جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان

‎٢٧ی ٣ی ٢٠٢٥