پەرەگراف
پاش بەشدارینەکردنى زۆرینەى فراکسیۆنە شیعە و سوننەکان لە دانیشتنەکەى شەوى ڕابردوو کە یەکەم بڕگەى دەنگدان بوو لەسەر پرۆژەیاساى بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە، دانیشتنەکە ئەمشەو ئەنجام دەدرێتەوە و بڕگەى خوێندنەوەى دووەم بۆ پرۆژەیاساى دەستەى حەشدى شەعبى بۆ دانیشتنەکە زیاد کراوە.
کارنامەى دانیشتنەکە لە حەوت بڕگە پێک دێت و بڕیارە کاتژمێر ٨:٠٠ـى شەو دەست پێ بکات، بۆ دەنگدان لەسەر سێ پرۆژەیاسا و خوێندنەوەى دووەم بۆ چوار پرۆژەیاساى دیکەیە. دیاترین بڕگەى دانیشتنەکە بڕگەى یەکەمە کە دەنگدانە لەسەر پرۆژەیاساى بەپارێزگابوونى هەڵەبجە، دواى ئەوە بڕگەى چوارەم کە خوێندنەوەى دووەمە بۆ پرۆژەیاساى دەستەى حەشدى شەعبى.
شەوى ڕابردوو دواى شکستهێنانى کۆبوونەوەکە، سۆران عومەر، ئەندامى پەرلەمانى عێراق، بە پەرەگرافى ڕاگەیاند "زۆرینەى پەرلەمانتار و فراکسیۆنەکانى شیعە و سوننە لەوانە فراکسیۆنى تەقەدومى حەلبووسى، دەوڵەتى یاساى مالیکى، کوتلەکانى عەمار حەکیم و هادى عامرى نەهاتنە کۆبوونەوەکە، بۆیە ڕێژەى یاسایى بۆ ئەنجامدانى کۆبوونەوەکە تەواو نەبوو و دواخرا".
سۆران عومەر وتیشى "هەموو ئەو لێدوان و سەردانانەى سەبارەت بە هەرێم هەیانە و دەڵێن دۆستى کوردن، هیچى ڕاست نییە، ڕاستگۆیش نین دەربارەى بەڵێنەکانیان، چونکە دەیان جار بەڵێنیان داوە دەنگ بە پرۆژەیاساى بەپارێزگابوونى هەڵەبجە بدەن و کە دێتە سەر واقیع ڕاست ناکەن".