پەکەکە سوورە لەسەرئەوەی بەبێ بەشداریی ئۆجەلان، کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەو چەک دانان ناکەن

25-03-2025 02:39

پەرەگراف

هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆماجڤاکێن کوردستان(کەجەکە)، جەخت لەوە دەکاتەوە بەبێ بەشداریی عەبدوڵا ئۆجەلان، پەکەکە چەک دانانێت و کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوە ئەنجام نادات.

بەسێ هۆزات لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای نزیک لە پەکەکە، دەڵێت، حکومەتی تورکیا "جدییانە مامەڵە لەگەڵ پەیامەکەی ئۆجەلان ناکات و هەنگاوی کرداریی نەناوە"، پێیوایە ئەو هەفتەیەی بانگەوازەکەی ئۆجەلانی تێدا بڵاوکرایەوە دەبوو مافی هیوا ڕاستەوخۆ جێبەجێ بکرێت کە ئازادیی جەستەیی ئۆجەلان دەگرێتەوە، "حکومەت دەڵێت مافی هیوا لە یاسادا نییە. بەڵام گۆڕانکاریی لە یاساکەدا ئاسانەو ئەگەر بیانەوێت بە ٣ ڕۆژ دەیکەن".

هاوسەرۆکی کەجەکە داوا دەکات ئۆجەلان پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ سەرکردەکانی پەکەکە هەبێت و خۆی کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بەڕێوەببات، "بەستنی کۆنگرە، دیاریکردنی کات و ڕۆژی کۆنگرە، بەڕێوەبردنی کۆنگرە؛ ئەم پرۆسەیە هەمووی دەبوو ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵ بەڕێوەبەری پەکەکە بەڕێوەیببات. دەبوو ڕێبەر ئاپۆ توانای ئەوەی هەبوایە لەگەڵ هەر کەسێک کە دەیەوێت پەیوەندی بکات".

"هەتاوەکو ڕێبەر ئاپۆ ڕاستەوخۆ نەکەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ پەکەکە، ناتوانرێت کۆنگرە بکرێت و  بڕیار بدرێت، ناتوانێت خۆی هەڵوەشێنێتەوە، گەریلا ناتوانێت دەست لە چەک هەڵگرێت. ئەمە ڕوونە تەنها ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت ئەم پڕۆسەیە بەڕێوەببات".

هاوکات بەسێ هۆزات جەخت لە پێداگریی پەکەکە دەکات لەو داوایەی هەیانبوو بۆ پەیامێکی ڤیدیۆیی ئۆجەلان، دەڵێت "پرۆسەیەکی مێژوویی دەستپێدەکرێت، پڕۆسەیەکی جدی ئەنجام دەدرێت، بڕیارە کێشەیەکی ١٠٠ ساڵە چارەسەر بکرێت، بەڵام خۆتان بەدوور بگرن لە پەیامێکی ڤیدیۆیی. ئەم چارەسەرییە چۆن ڕوودەدات؟".

ڕۆژی ٢٧ی شوباتی ئەمساڵ لە پەیامێکی مێژوویدا عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بانگەوازی چەکدانانی لە گەریلاکانی پەکەکە کرد دوای زیاتر لە 40 ساڵ شەڕ لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا.

"لەم قۆناغەدا داوای دانانی چەک دەکەم و بەرپرسیارێتیی مێژوویی ئەم بانگەوازییەش دەگرمە ئەستۆ. چۆن هەر کۆمەڵگا و پارتێکی سەردەم، هەبوونی بە فشار و زۆرەملێ کۆتایی پێ نەهاتووە، ئێوەش بە دڵخوازییەوە کۆنگرەی خۆتان ئەنجام بدەن و بڕیار بدەن، دەبێت هەموو گرووپەکان چەک دابنێن، پەکەکە هەڵبوەشێتەوە" ئەمە بەشێک بوو لە پەیامەکەی ئۆجەلان کە لەلایەن ئەحمەد تورک ئەندامی شاندی ئیمرالی بە زمانی کوردی خوێندرایەوە.