پەرەگراف
ئەمڕۆ دوو ساڵە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکوک بۆ تورکیا ڕاگیراوەو لەگەڵ چڕبوونەوەی گفتوگۆو فشارەکان، بەڵام هێشتا وادەی دەستپێکردنەوەی دیار نییە، ئەو زیانە داراییەی بەر عێراق کەوتووە کە پشکی شێری زیانەکە بۆ هەرێمی کوردستانە، ٢٨ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە بەپێی ماڵپەڕی ئەپیکور.
هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان، لە 25-03-2023ـەوە ڕاگیراوە، ئەوەش پاش بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس لە بەرژەوەندیی سکاڵایەکی وەزارەتی نەوتی عێراق دژی تورکیا.
هەرچەندە ڕۆژی 28-02-2025 حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، لە چەند كاتژمێری داهاتوودا وادەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە بۆ بەندەری جەیهانی توركی ڕادەگەیەنین، بەڵام هێشتا ئەو وادەیە ڕانەگەیەندراوە بەهۆی چارەسەرنەکردنی پارەی دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوتەکە لەلایەن کۆمپانیا نەوتییەکان و قەرزە کەڵەکەبووەکانیان لەسەر هەرێمی کوردستان کە ملیارێک دۆلارە.
وەزیری نەوتی عێراق وتیشی، هەناردەی نەوتی هەرێم بە 185 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە دەست پێ دەكات و پلە بە پلە زیاد دەكرێت تا دەگاتە بڕی دیاریكراو لە بودجەی گشتی. ئێستا هەرێمی کوردستان ڕۆژانە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، ئەوەی دەمێنێتەوە لە هەناردەکردنەکەی دەرەوە بۆ پێداویستی ناوخۆی بەکاردێت.
بەپێی یاسای بودجەی گشتیی عێراق، دەبێت هەرێمی كوردستان ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بكات، بەمەبەستی هەناردەكردنی بۆ دەرەوە.
ڕۆژی 02-02-2025، پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای بودجەی پەسەند کردو گۆڕانکاری لە بڕگەی تایبەت بە نەوتی هەرێم کرا، بەپێی بڕگە هەموارکراوەکە، لیژنەیەکی تایبەتمەند پێک دەهێنرێت بۆ هەڵسەنگاندنی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان و نەوتەکە لەڕێی کۆمپانیای سۆمۆی عێراق دەفرۆشرێت و داهاتەکەی دەچێتە خەزێنەی فیدراڵ، لە بەرامبەردا بەغداد مووچەو بودجە بۆ هەرێم دەنێرێت.
هەر بەپێی یاسای نوێی بودجە، بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی یەک بەرمیل نەوت 16 دۆلار بە هەرێم دەدرێت تا ئەوکاتەی کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی تایبەتمەند تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم دیاری دەکات، ئەوەش لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێکی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق و کۆمپانیا نەوتییەکان.
ئیدارەی نوێی ئەمەریكا داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی دەكات لەمپەرەكانی بەردەم ئەو كۆمپانیا ئەمریكییانەی بواری نەوت هەڵبگیرێت كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن، هەروەها داوایشی لێ دەكات لەگەڵ هەرێم كێشەكانیان چارەسەر بكەن و ئەو قەرزانەی كۆمپانیا نەوتییەكان بدەنەوە كە لای حكومەتی هەرێمی كوردستانە. ئەم پەیامەی ئەمەریكا 09-03-2025، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەلایەن مایك واڵتز، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا لە ئیدارەی ترەمپ، بە سوودانی گەیەندرا.