ئەكرەم ئیمامئۆغلوو خرایە زیندانەوە و لە پۆستی سەرۆكی شارەوانیی ئیستەنبووڵ دوورخرایەوە
پەرەگراف
ئەكرەم ئیمامئۆغلوو، ڕکابەرە سەرەکییەکەى ئەردۆغان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیى کۆمارى تورکیا، لەلایەن دادگای ئیستەنبووڵەوە بە تۆمەتی "گەندەڵی" خرایە زیندانەوە و لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی توركیاشەوە لە پۆستی سەرۆكی شارەوانیی ئیستەنبووڵ دوورخرایەوە. ئیمامئۆغلوو سزادانی بە "پەڵەیەكی ڕەش بۆ دیموكراسی" لە توركیا ناو دەبات و دەڵێت "تەسلیم نابم".
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی ناوخۆی توركیا، ئەكرەم ئیمامئۆغلوو، سەرۆكی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، لەلایەن دادگای سزای 10ـی ئیستەنبووڵەوە چوار تۆمەتی دراوەتە پاڵ كە بریتین لە "تۆماركردن و بەكارهێنانی زانیارییە كەسییەكانی خەڵك بە شێوەیەكی نایاسایی، وەرگرتنی بەرتیل، تێكدانی دەزگا گشتی و حكومییەكان، دامەزراندنی ڕێكخراو بەمەبەستی ئەنجامدانی تاوان".
بەیانیی ئەمڕۆ 23-03-2024، دادگای ئیستەنبووڵ بە تۆمەتی تێوەگلانی لە "گەندەڵی"، بڕیاری زیندانیكردنی بۆ ئیمامئۆغلوو دەركرد. لەگەڵ ئەودا، 20 تۆمەتباری دیكەش سزای زیندانیكردنیان
وەزارەتی ناوخۆی توركیا دەڵێت "بە پشتبەستن بە ماددەی 127ـی دەستوور و ماددەی 47ـی یاسای شارەوانی، وەك ڕێكارێكی كاتی، ئەكرەم ئیمام ئۆغلوو لە پۆستی سەرۆكی شارەوانیی ئیستەنبووڵ دووخرایەوە".
ئیمامئۆغلوو ئەو تۆمەتانەی دراونەە پاڵی ڕەت دەكاتەوە و پێی وایە ئامانجی سیاسییان لە پشتەوەیە. بڕیارەكەی دادگایشی بە "پەڵەیەكی ڕەش بۆ دیموكراسی" لە توركیا وەسف كرد.
هەریەك لە محەمەد موراد چاڵك، سەرۆكی شارەوانیی بەیلیكدوزی ئیستەنبووڵ و ڕەسووڵ ئەمرە شاهان، سەرۆكی شارەوانیی شیشلی ئیستەنبووڵیش یەكەمیان بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە ڕێكخراوێكی تاوانكاری" و دووەمیان بە تۆمەتی "هاوكاریكردنی ڕێكخراوێكی تیرۆریستیی چەكدار"، سزای زیندانیكردنیان بۆ دەركراوە و لە پۆستەكانیان دووخراونەتەوە.