حکومەتی هەرێم پێشوازیی لە فشارەکانی ئەمەریکا دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم

20-03-2025 02:37

پەرەگراف

حکومەتی هەرێم پێشوازیی لە فشارەکانی ئەمەریکا دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، وەزیری سامانەسروشتییەکان بە وەکالەت ئەمڕۆ لە بەغدایە بۆ هەمان مەبەست.

عەزیز ئەحمەد جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی مەسرور بارزانی، لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس دەڵێت "پێشوازی لە هەڵوێستی بەهێز و ڕوونی هاوبەشەکانمان لە حکومەتی ئەمەریکا دەکەین سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە".

جێگری بەرپرسی نووسینگەی مەسرور بارزانی جەخت دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت و دەشڵێت، ئەمڕۆ وەزیری سامانە سرووشتییەکان بۆ گفتوگۆی زیاتر لە بەغدایە.

ئیدارەی نوێی ئەمریكا داوا لە سوودانی دەكات لەمپەرەكانی ‏بەردەم ئەو كۆمپانیا ئەمریكییانەی بواری نەوت هەڵبگیرێت كە لە ‏هەرێمی كوردستان كار دەكەن. داوایشی لێ‌ دەكات لەگەڵ ‏هەرێم كێشەكانیان چارەسەر بكەن و ئەو قەرزانەی كۆمپانیا نەوتییەكان ‏بدەنەوە كە لای حكومەتی هەرێمی كوردستانە.‏

ئەم پەیامەی ئەمەریکا، ٩ی ئەم مانگە لە ‏پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەلایەن مایك واڵتز، ڕاوێژكاری ئاسایشی ‏نیشتمانیی ئەمریكا لە ئیدارەی ترەمپ، بە محەمەد شیاع سوودانی، ‏سەرۆكوەزیرانی عێراق گەیەندرا.‏

كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان (ئەپیكور) كە لە كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوت لە ‏هەرێمی كوردستان پێك دێت، دەڵێن یەك ملیار دۆلار قەرزیان لای حكومەتی هەرێمی كوردستانە، ‏ئەو قەرزەو پشکی شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان لە بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت ئێستا لەمپەری سەرەكیی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمە.‏

مایك واڵتز لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (ئێكس) ڕایگەیاند، داوای لە حكومەتی ‏عێراق كردووە "لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان كار بكات بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی ‏پەیوەست بە گرێبەستەكان و پێدانی شایستەی قەرزی كۆمپانیاكانی وزەی ئەمریكا".‏

هاوکات كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان (ئەپیكور) دەڵێت "ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا ‏لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق باسی لە نەهێشتنی ئاستەنگەكان كردووە لەبەردەم كۆمپانیا ‏نەوتییەكان كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن وەكوو بەشێك لە گەشەی وزە و سەربەخۆیی ‏عێراق".‏