پەرەگراف
میدیاکانی پارتی بڵاویان کردەوە؛ لە سنوری ناحیەی چەمانکێ سەربە قەزای ئامێدی شەڕ لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگەو گەریلاکانی پەکەکە ڕوویداوە، "پێشمەرگەیەک شەھید بووەو دووی دیکە بریندارن".
میدیای پارتی لە زاری بەڕێوەبەری ناحیەی چەمانکێ دەڵێت "پەکەکە ھێرشی کردووەتەسەر پێشمەرگە".
ئەلەند ئەمیر، بەڕێوەبەری ناحیەی چەمانكێ بە ڕووداوی راگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ژمارەیەك گەریلای سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە ناحیەی چەمانكێ هێرشیانكردووەتە سەر پێشمەرگە و لە ئەنجامدا سێ پێشمەرگە بریندار بوون.
هاوكات كەناڵی كوردستان 24 لە زاری پەیامنێرەكەیەوە بڵاویكردەوە "شەهیدێك لە ڕیزی هێزی پێشمەرگە هەیە و ژمارەیەك پێشمەرگەش بریندار بوون".
كوردستان 24 دەڵێت "لەكاتی تەقینەوەی بۆمبی پەكەكە بە ھێزەكانی پێشمەرگە، لە چەند لایەكەوە چەكدارانی پەكەكە تەقەیان لە ھێزەكانی پێشمەرگە كردووە. ئەو شوێنەی چەكدارانی پەكەكە بۆمبیان بۆ ھێزی پێشمەرگە داناوەتەوە، تەنیا شەش كیلۆمەتر لە سەنتەری ناحیەی چەمانكێ دوورە، ئەمەش ترس و دڵەڕاوكێی لای خەڵك دروستكردووە".
هێشتا میدیای پەكەكە هیچی لەبارەی شەڕو پێكدادانی ئەمڕۆی پێشمەرگەو پەكەكە بڵاو نەكردووەتەوە.
ئەو پێكدادانە دوای گرژییەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی نێوان پارتیو پەكەكە دێت كە بەشێك لە چاودێران بە سەرەتایەكی مەترسیدار بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ خوێندنەوەیان بۆ كرد.
پارتی پەكەكە تۆمەتبار دەكات بە مەترسیی دروستكردن بۆ ناوچە سنورییەكانی هەرێمو "داگیركردنی دەیان گوندو ناوچە"، پەكەكەش پارتی تۆمەتبار دەكات بە "هاوكارییكردنی دەوڵەتی توركیا بۆ لێدان لە پەكەكە".
بەسێ هۆزات هاوسەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان(كەجەكە- چەتری كۆكەرەوەی ڕێكخراوەكانی سەربە پەكەكەیە) لە دواین لێدوانیدا ڕەخنەی تووندی لە سیاسەتەكانی پارتی گرتو ئاماژە بەوەدەكات هێزی تایبەتی ناردووەتە ناوچەكانی نزیك لە پەكەكە، دەشڵێت "دەستكەوتەكان و دەرفەتەكانی پێگەی كورد بەهۆی پەدەكەوە كەوتوونەتە ناو مەترسیی گەورەوە و زیان بە كورد دەگەیەنن".
ئەو لێدوانە دوای پەیامەكەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دێت كە دوو ڕۆژ لەمەوبەر لەبارەی گرژییەكان لەگەڵ پەكەكەو شەڕی كورد لەگەڵ كورد بڵاویكردەوەو تێیدا دەڵێت: شانازی دەكەین كە شەڕی كورد و كوردمان حەرام كردووە، چونكە گەلی كوردستان و هەموو لایەكمان زەرەری زۆرمان لە شەڕ و ناتەبایی بینیوە.
"بەڵام نابێت ئەم هەڵوێستەمان بە هەڵە لێك بدرێتەوە و ئیستغلال بكرێت بۆ ئەوەی تەحەدای دەستەڵاتی یاسایی هەرێمی كوردستان بكرێت وهەوڵی سەپاندنی ئیرادەیەكی چەكدارانەی نایاسایی بە سەر خەڵكی كوردستان بدرێت" بارزانی وادەڵێت.
سەرۆكی پارتی ڕەخنەی تووند لە سیاسەت و ھەڵوێستی پەكەكە دەگرێت بەرامبەر ھەرێم و داوا دەكات لەو ناوچانەی خاكی كوردستانی عێراق بكشێنەوە كە تێیدان و ئەو بە "داگیركراو" ناویان دەبات.