پەرەگراف
مەسرور بارزانی لە پەیامی پیرۆزبایی نەورۆزدا، ئاماژە بە پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی خۆی و درێژەدان بە "كارنامە چاكسازی"یەكەی دەكات.
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامەكەیدا دەڵێت "ئومێدەوارین لە ئایندەیەكی نزیكدا، بتوانین حكومەتێكی نوێی بەهێز و یەكگرتوو پێك بهێنین و بە شێوەیەكی باشتر و شایستەتر، درێژە بە كارنامە چاكسازییەكەمان بدەین".
مەسروور بارزانی جەخت دەكاتەوە كە "درێژە بە كارنامە چاكسازییەكەمان دەدەین بۆ زیاتر خزمەتی گشت هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و بۆ ئەوەی وڵاتەكەمان بەرەو قۆناغێكی پێشكەوتووتر و گەشەسەندووتر ببەین".
سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەشڵێت "سوپاسی خەڵكی خۆڕاگر و نیشتمانپەروەری كوردستان دەكەم كە ئیرادەی بەهێزی گەلی كوردستان، وامان لێ دەكات بەگەشبینییەوە لە داهاتوویەكی باشتر بڕوانین".
ئەم پەیامەى مەسرور بارزانى لە کاتێکدایە کە کۆبوونەوەکانى پارتى و یەکێتى بەردەوامن بۆ پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکومەتى هەرێم و پارتى سوورە لەسەر ئەوەى کە مەسرور بارزانى لەم کابینەیەشدا سەرۆکى حکومەت بێت.
لە نوێترین كۆبوونەوەیاندا، پارتی و یەكێتی ڕایانگەیاند "گەیشتینە دواڕەشنووسی دیدگای هاوبەش بۆ قۆناغی داهاتوو، كە دەبێتە ئامرازێك بۆ پێكهێنانی حكومەت و دامەزراوەكانی تر و باشتر خزمەتكردنی هاووڵاتییان".
ئێوارەی ١٦-٠٣-٢٠٢٥، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی، سەردانی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و جێگری دووەمی سەرۆكی پارتیی لە پیرمام كرد. پاش كۆبوونەوەكە، هەردوولا قسەیان كرد.
بافڵ تاڵەبانی وتی "كۆبوونەوەكەمان زۆر زۆر باش بوو. لەسەر چەند شتی ستراتیژی كە بۆ میللەتەكەمان باش بێت، ڕێككەوتووین. گفتوگۆكانمان بەردەوام دەبن".
سەرۆكی یەكێتی وتیشی "پێم وایە ئامانجی هەردووكمان ئەوەیە بەزووترین كات حكومەتێك دروست بكەین بۆ خزمەتی میللەتەكەمان".
هەروەها مەسروور بارزانی وتی "ئەمە دوو جارە من و كاك بافڵ دوو كۆبوونەوەی زۆر ئەرێنی و باشمان ئەنجام دا، بۆ لێك نزیكبوونەوە و تاوتوێكردنی ئەو بابەتانەی كە گرنگن بۆ خەڵكی كوردستان و ناوچەكە".
مەسروور بارزانی جەختی كردەوەكە كە "پێشكەوتن و تێگەیشتنی زۆر باش" لەسەر زۆر لە بابەتەكان لەنێوانیان هەبووە و وتیشی "ئومێدەوارین كە تیمەكانیش هەر بەو ڕۆحیەتە بگەنە ڕێككەوتنێكی تەواو لەسەر پێكهێنانی حكومەت لە كاتێكی نزیكدا".
پێنج مانگی تەواوە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام دراوە، هەروەها زیاتر لە سێ مانگە پەرلەمان یەكەم دانیشتنی ئەنجام داوە و دانیشتنەكەی بە كراوەیی هێشتووەتەوە، بەهۆی ئەوەی پارتی و یەكێتی لەسەر پێكهێنانی حكومەت و دابەشكردنی پۆستەكان بە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانیشەوە ڕێك نەكەوتوون.