پەرەگراف
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند "لە ڕووداوەكەی گوندی گرێزەدا، گەنجێكی تەمەن 27 ساڵ لەسەر كێشەیەكی خێزانی بە چەكی كڵاشینكۆف، باوك و دایك و دوو خوشك و برایەكی كە تەمەنیان لەنێوان حەوت بۆ 55 ساڵ بووە، كوشتووە".
كاتژمێر 11:10 خولەكی شەوی ڕابردوو، پۆلیسی سەیدسادق لە ڕووداوێكی تەقەكردن لەناو ماڵێكی گوندی گرێزەی سەر بە قەزای سەیدسادق ئاگادار كراوەتەوە. دوای ئەوەی مەفرەزەكانی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەكە، تەرمی شەش كەس لەناو ماڵەكەدا بووە، تەرمەكان ڕەوانەی نەخۆشخانە و پاشان پزیشكی دادی سلێمانی كراون.
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت "بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان، دەركەوت كە بەهۆی كێشەی خێزانییەوە، یەكێك لە ئەندامانی خێزانەكە بە ناوی (بەشیر سالار محەمەد لەدایكبووی 1998) بە چەكی جۆری كڵاشینكۆف دەستڕێژی لە ئەندامانی خێزانەكەی كردووە كە پێكهاتوون لە باوك، دایك، دوو خوشك و برایەكی.
لە ڕووداوەكە پێنج ئەندامی خێزانەكە كوژراون و بكوژەكە دواتر خۆیشی كوشتووە. ئەو چەكەش كە كە تاوانەكەی پێ ئەنجام دراوە، لەلایەن پۆلیسەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
ئەو كەسانەی كە كوژراون پێكهاتوون لە (سالار محەمەد عەبدولكەریم لەدایكبووی 1970، نیهاد قادر ساڵح لەدایكبووی 1975، سیما سالار لەدایكبووی 2005، سەهەند سالار لەدایكبووی 2015 و یارا سالار لەدایكبووی 2018".
تەرمەکانى هەر شەش ئەندامەکەى خێزانەکە نیوەڕۆى ئەمڕۆ لە زێدى خۆیان لە گوندى گرێزە بەتەنیشت یەکەوە نێژران. سێ ئەندامى خێزانەکە لە ژیاندا ماون، کە کچ و کوڕێکیان هاوسەرگیرییان کردووە و لە کاتى ڕووداوەکە لە ماڵى خۆیان بوون، لەگەڵ کوڕێکى دیکەیان کە لە ماڵەوە نەبووە.