قوباد تاڵەبانی: پارتی و یەكێتی هاوڕان كە حكومەتێكی بەهێز و كارا و یەكگرتوو پێكبهێنرێت
پەرەگراف
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند، لێكتێگەیشتنی زۆر باش لە نێوان پارتی و یەكێتی دروستبووە بۆ پێکهێنانی حکومەت، هەردوولا هاوڕان كە بەپێی ئەو دۆخەی لە ناوچەكەدا دەگوزەرێت پێویستە حكومەتێكی بەهێز و كارا و یەكگرتوو پێكبهێنرێت.
جێگری سەرۆکوەزیران، لە دوو کۆبوونەوەی لەگەڵ هەریەکە لە باڵیۆزی ئیتاڵیا و باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق ئاماژەی بە بەرەوپێشچوونەكانی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم کرد.
"بەپێی ئەم دۆخە ئەرێنیەی دروستبووە، پڕۆسەی پێكهێنانی حكومەت خێراتربووە و گەشبینین لە ماوەیەكی نزیكدا حكومەتی داهاتووی هەرێم پێكبهێنرێت" قوباد تاڵەبانی وای وت، بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەکەی.
لە کۆبوونەوەی دوێنێی شاندی باڵای پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەت، گەیشتنە دواڕەشنووسی دیدگای هاوبەش بۆ قۆناخی داهاتوو کە دەبێتە ئامرازێک بۆ پێکهێنانی حکومەت.
هاوکات 16ی ئەم مانگە پاش کۆبوونەوەیان لە پیرمام، هەریەک لە مەسروور بارزانى و بافڵ تاڵەبانى ڕایانگەیاند کە "کۆبوونەوەیەکى زۆر باش"یان ئەنجام داوە و "تێگەیشتن و پێشکەوتن"ـى باش لەنێونیان هاتووەتە ئاراوە لەسەر پێکهێنانى حکومەت.
پاش کۆبوونەوەکە، هەردوولا قسەیان کرد و بافڵ تاڵەبانى وتى "کۆبوونەوەکەمان زۆر زۆر باش بوو. لەسەر چەند شتى ستراتیژى کە بۆ میللەتەکەمان باش بێت، ڕێککەوتووین. گفتوگۆکانمان بەردەوام دەبن".
سەرۆکى یەکێتى وتیشى "پێم وایە ئامانجى هەردووکمان ئەوەیە بەزووترین کات حکومەتێک دروست بکەین بۆ خزمەتى میللەتەکەمان".
هەروەها مەسروور بارزانى وتى "ئەمە دوو جارە من و کاک بافڵ دوو کۆبوونەوەى زۆر ئەرێنى و باشمان ئەنجام دا، بۆ لێک نزیکبوونەوە و تاوتوێکردنى ئەو بابەتانەى کە گرنگن بۆ خەڵکى کوردستان و ناوچەکە".
مەسروور بارزانى جەختى کردەوەکە کە "پێشکەوتن و تێگەیشتنى زۆر باش" لەسەر زۆر لە بابەتەکان لەنێوانیان هەبووە و وتیشى "ئومێدەوارین کە تیمەکانیش هەر بەو ڕۆحیەتە بگەنە ڕێککەوتنێکى تەواو لەسەر پێکهێنانى حکومەت لە کاتێکى نزیکدا".