ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران

19-03-2025 04:32

پەرەگراف

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاردرا بە درێژکردنەوەی کارکردن بە بڕیاری داشکاندنی ڕێژەی %20  لە سزای سەرپێچی هاتووچۆ بۆ شەش مانگی دیکە لە 2025/1/1 تاوەکو 2025/6/30.

ڕاگەیەندراوی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەکە

ئەمڕۆ سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانمان کرد.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پیرۆزباییمان لە گەلی کوردستان کرد بە بۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی 2725 و هیوامان خواست ، ساڵی نوێ، ساڵی خۆشی و بەختەوەری بێت بۆ خەڵکی کوردستان.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، بەڕێز ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، پێشنیارێکی لەبارەی درێژکردنەوەی کارکردن بە بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە داشکاندنی ڕێژەی %20  لە سزای سەرپێچی هاتووچۆ بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە خستەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران لە پێناو یارمەتیدانی هاووڵاتیان، بە کۆی دەنگ پێشنیارەکەی وەزارەتی ناوخۆی پەسەند کرد و بڕیاردرا بە درێژکردنەوەی کارکردن بە بڕیاری داشکاندنی ڕێژەی %20  لە سزای سەرپێچی هاتووچۆ بۆ شەش مانگی دیکە لە 2025/1/1 تاوەکو 2025/6/30.

دواتر بەڕێز ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، بابەتی یەکلاکردنەوەی کێشەی ئەوانەی خستەڕوو کە لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم بە هەمیشەیی و گرێبەست دامەزراون ، بەڵام مووچەیان بۆ نەبەستراوە لە لایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری بە هۆی جێگرکردنی میلاکی مانگی تەممووز لە ساڵی 2024  لە لایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە.

ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد کە کاری پێویست بۆ دابینکردنی مووچەی ئەو کەسانە ئەنجام بدات و کار بۆ چارەسەرکردنی گرفتی خەرجنەکردنی مووچەکانیان بکات بە گوێرەی ئەو پێشنیارانەی لە لایەن وەزارەتیان لە کۆبوونەوە خرانەڕوو.

لە بڕگەی کۆتاییدا، بەڕێز سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە دەرچووانی کۆلیژە پزیشکیەکان بۆ ساڵی 2024 خستەڕوو، کە بەپێی یاسای پلەبەندیی پزیشکی، ڕێڕەوی وەزیفە و کار و خزمەتیان ڕێکخراوە.

ئەنجومەنی وەزیران، هەر یەک لە وەزارەتەکانی تەندروستی و دارایی و ئابووری و ئەنجومەنی گشتی ڕاژەی ڕاسپارد کە لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ لە پەیوەندیدا بن، بۆ دامەزراندنی ئەم دەرچووانە لەسەر میلاکی وەزارەتی تەندروستی هاوتای هاوەڵەکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق و ئەنجامی ئەو هەوڵانە بۆ کۆبونەوەکانی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران بخەنەڕوو تا لەبەر ڕۆشنایی ئەو ئەنجامانە، بڕیاری پێویست سەبارەت بە دامەزراندنیان بدرێت لە پێناو نەوەستانی ڕێکارەکانی پلەبەندیی پزیشکی و ڕێکخستنەوەی سیستمی خزمەتگوزاری تەندروستی نەخۆشخانەکان و چاودێری پزیشکی و دابینکردنی بە پێی پێداویستی.