لە دهۆک و زاخۆ دەست بەسەر ٨٢ کیلۆ ماددەی هۆشبەردا گیراو ١٦ تۆمەتبار دەستگیر کران

19-03-2025 12:37

پەرەگراف

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ڕایگەیاند، لە ماوەی دوو هەفتەدا لە سنوری دهۆک و زاخۆ دەستیان بەسەر 82 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر داگرتووە و  16 تۆمەتبار دەستگیرکراون.

بەڕێوبەرایەتییەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، بەشێک لە تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکان کاری گواستنەوەو مامەڵەکردنیان بە ماددەی هۆشبەرەوە کردووەو ژمارەیەکیان هاووڵاتی وڵاتانی دراوسێن. "توانراوە دەست بەسەر بڕی 22.940 کیلۆگرام کریستاڵ 1.440 کیلۆگرام هیرۆین و 50 کیلۆگرام حەبی ترامادۆڵدا بگرین. هەروەها تۆڕێکی تری بازرگانی (کریستاڵی شل) هەڵوەشێنراوەتەوە کە لە ناو 2 دەبەی ڕۆنی ئۆتۆمبێلدا دانراون و کێشیان 7.620 کیلۆگرام بووەو دەستی بەسەرداگیراوە".

هاوکات تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان لە چالاکیەکی دیکەدا دەستیان بەسەر 45 کارتۆن دەرمان و حەبی ماوە بەسەرچوو و بێ ستیکەردا گرتووە کە بەشێوەی قاچاغ و نایاسایی هێنراونەتە هەرێم.

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، ئەوەشی خستەڕوو، لە دوو چالاکی دیکەدا کە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان ڕۆڵی گرنگی هەبووە، توانراوە تۆنێک و 100 کیلۆگرام حەبی کەپتاگۆن لە بەغدا و 70 کیلۆی دیکە لە هەمان حەب لە موسڵ دەستیان بەسەردا بگیرێت، یەکێک لەو چالاکییانە هەر چوار بەڕێوبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی هەولێر، سلێمانی، بەغدا و موسڵ بەشدارییان تێدا کردووە.

بەپێی بەدواداچونێکی پێشتری پەرەگراف، تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٣دا هەزار دۆسیەی ماددەی هۆشبەر لە پارێزگای دهۆك هەبووە، لە كاتێكدا دەیەیەك لەمەوبەر ئەو ژمارەیە لە 50 دۆسیە تێنەدەپەڕی، بەوپێیەش لەو ماوەیەدا ١٩ هێندە زیادی کردووە کە بە ڕێژەی سەدی دەکاتە ١٩٠٠%.

تەنیا لە دهۆک نییەو ئامارەکانی مادەی هۆشبەر لە سەرتاسەری کوردستان زەنگی مەترسیی لێدەدەن؛ بەپێى ئامارى فەرمیى بەڕێوەبەرایەتیى نەهێشتنى ماددە هۆشبەرەکان کە ئامارى نیوەى هەرێمى کوردستانە(سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و ڕاپەڕین)، ساڵى ٢٠٢٣ تەنیا ٣٩٨ کیلۆگرام ماددەى هۆشبەر دەستى بەسەردا گیراوە، بەڵام لە ١١ مانگی ٢٠٢٤دا بۆ ٣٠٢٤ کیلۆگرام بەرز بووەتەوە.

ڕاپۆرتێکی پێشتری پەرەگراف لەبارەی ماددەی هۆشبەر لە دهۆک: