بارزانی: شەڕی کوردو کوردمان حەرام کردووە بەڵام نابێت بە هەڵە لێک بدرێتەوەو ئیستغلال بكرێت
پەرەگراف
مەسعود بارزانی پەیامێکی لەبارەی گرژییەکان لەگەڵ پەکەکەو شەڕی کورد لەگەڵ کورد بڵاوکردەوەو تێیدا دەڵێت: شانازی دەکەین کە شەڕی کورد و کوردمان حەرام کردووە، چونکە گەلی كوردستان و هەموو لایەکمان زەرەری زۆرمان لە شەڕ و ناتەبایی بینیوە.
"بەڵام نابێت ئەم هەڵوێستەمان بە هەڵە لێک بدرێتەوە و ئیستغلال بكرێت بۆ ئەوەی تەحەدای دەستەڵاتی یاسایی هەرێمی کوردستان بکرێت وهەوڵی سەپاندنی ئیرادەیەكی چەكدارانەی نایاسایی بە سەر خەڵکی کوردستان بدرێت" بارزانی وادەڵێت.
سەرۆکی پارتی ڕەخنەی تووند لە سیاسەت و ھەڵوێستی پەکەکە دەگرێت بەرامبەر ھەرێم و داوا دەکات لەو ناوچانەی خاکی کوردستانی عێراق بکشێنەوە کە تێیدان و ئەو بە "داگیرکراو" ناویان دەبات.
دەقی پەیامەکەی بارزانی بۆ ڕای گشتیی كوردستان
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
لەم بارودۆخە ئاڵۆزەی ناوچەکە پێیدا تێدەپەرێت و لەو هەموو قەیرانەی ڕووی لە وڵاتی ئێمە كردووە، بە پێویستی دەزانم داوا لە هەمووکوردستانییەک بکەم کە بە شێوەیەکی واقعی ڕووبەڕووی ئەم دۆخە نالەبارە ببنەوەوە و، لەئاست بەرپرسیارتی مێژووییدا بن و بەرەوئاساییکردنەوە و نەهێشتنی گرژی و ناخوشییەکان هەنگاو بنێن. ئێستا كوردستان لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە ڕۆڵە دڵسۆزییەكانیەتیبۆ ئەوەی وڵاتەكەیان لە ناخۆشی و پیلانەكان بپارێزن.
مێژوو شاهیدی ئەوەمان بۆ دەدات و شانازی دەکەین کە شەڕی کورد و کوردمان حەرام کردووە چونکە گەلی كوردستان و هەموو لایەکمانزەرەری زۆرمان لە شەڕ و ناتەبایی بینیوە.
بەڵام نابێت ئەم هەڵوێستەمان بە هەڵە لێک بدرێتەوە و ئیستغلال بكرێت بۆ ئەوەی تەحەدای دەستەڵاتی یاسایی هەرێمی کوردستان بکرێت وهەوڵی سەپاندنی ئیرادەیەكی چەكدارانەی نایاسایی بە سەر خەلکی کوردستان بدرێت. نابێ هەڵوێستی حەرامكردنی شەڕی كورد و كورد بەوە لێكبدرێتەوە كە سەقامگیری و ئاساییشی شار و شارۆچکە و دێهاتەکانمان تێک بدرێت و هاووڵاتیانمان ناچار بکرێن ماڵ وشوێنەکانیان بە جێ بێڵن و ببنە قوربانی و بە ناحەق شەهید بکرێن و كەسیش دەنگ نەكات.
دوای هێرشی دڕندانەی تیروریستانی داعش، پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان ڕوویان كردە بەرەکانی شەری دژی تیروریستان و زۆر لەناوچە سنوورییەکان چۆڵ کران. بە داخەوە لەو کاتەوە لە جیاتی ئەوەی پشتیوانی ئەزمونی هەرێمی کوردستان بکەن، چەکدارانی پەکەکە ئەمناوچە سنووریانە و دواتر هەندێک ناوچەی تریش یان داگیر کرد و خویان وەک جێگرەوەی حکوومەت سەپاند و ڕێگریان لە خەڵک کرد ماڵ ودێهاتەکانیان ئاوەدان بکەنەوە و ئەگەر سەردانی ناوچەکانیشیان بكەنەوە باج و سەرانەیان لێ وەر دەگرن. بێگوومان ئەم ڕەفتارانە جێگایقبووڵكردن نییە. هەڵوێستی نیشتیمانپەروەرانە و وڵاتپارێزانە بە کردەوە دیار دەکەوێت نەک بە قسە و وتار.
لێرەدا پێویستە بە بیریان بێتەوە کاتێک لە سەرەتای دەستکردن بە چالاکیەکانیان بوون، ئێمە هەموو جۆرە هاوکارییەکمان کردن. ئەوان بەپێچەوانەوە هەڵوێستێکی ناجوامێرانەیان نواند و دواتر لە چەندین قوناغدا شەڕیشیان بەسەردا سەپاندین و لە ئەنجامدا هەموو لایەک زەرەرمەند بوین.
باشترین هەڵوێست لەم کاتەدا ڕێز گرتنە لە دەستەڵاتی شەرعی و یاسایی هەرێم و هەروەها چۆڵكردنی هەموو ئەو ناوچانەیە کە لە ڕێگەیسەپاندنی هێزی چەکداری داگیر كراون و بونەتە جێگەی مەترسی بو هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان. ئێستاشی لەگەڵدا بێت سەدان گوندبەهۆی بوونی چەکدارەکانی پەکەکەوە ئاوەدان نەکراونەتەوە و كراونەتە گوڕەپانی شەڕ و پێکدادان.
لێرەدا داوا لە هەمو لایەک دەکەم بو ئەوەی بارودوخی وڵاتەکەمان لەمە زیاتر تێک نەچێت و شوێنە وێرانکراوەکان ئاوەدان بکرێنەوە و ڕێ لەگرژیی زیاتر و ڕووداوی نەخوازراو بگیرێت پێویستە ڕێگە بە خۆسەپاندنی نایاسایی هیچ لایەک نەدەن و پشتیوانی لە خەبات و قوربانیپێشمەرگە و گەلی ستەملێکراومان بکەن و لە ئاستی بەرپرسیارێتیی ئەم قوناغەدا بن.
مسعود بارزانی
2ـی تشرینی دووەمی 2020