پەیەدەو ئەنەکەسە بە ئامادەبوونی مەزڵوم عەبدی کۆبوونەوە

18-03-2025 05:07

پەرەگراف

پەیەدەو ئەنەکەسە بە ئامادەبوونی نێردەی ئەمەریکاو مەزڵوم عەبدی کۆبوونەوە، مەزڵوم عەبدی دەڵێت: هەڵوێستەکانی هەردوولا جێی دڵخۆشییە.

گفتوگۆی کۆبوونەوەکە بۆ یەکڕیزیی کورد و یەکخستنی هەڵوێستەکان بووە، دوای کۆبوونەوەکە فەرماندەی گشتی هەسەدە، لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس وتیشی: بۆ سوریایەکی فرەڕەنگ و دیموکرات کە مافی سەرجەم پێکهاتەکان تێیدا مسۆگەربن، سوورین لەسەر سەرخستنی گفتوگۆکان.

 

کۆبوونەوکە لەکاتێکدایە ڕێککەوتن لە نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتیی سوریا واژۆکراوە لەبارەی مافی کوردو هێزەکانی هەسەدەو ڕۆژئاوای کوردستان، هاوکات فشارەکان بۆ یەکگرتوویی کورد زیاتر دەبن کە  هێشتا ناتەبان و زۆرجار ئەم ناتەباییە وەک بەربەستێک لە بەردەم گەیشتن بە مافی کورد دەبینرێت.

پێشتر مەزڵوم عەبدی لە پەیامێکدا بۆ لایەنە کوردییەکانی سوریا وتی "ئەمڕۆ یەکێتی نیشتیمانیی کوردی لە سوریا پێویستییەکی مێژووییەو وەڵامدەرەوەی مەترسییەکانی ئەم قۆناغەیە".

فەرماندەی گشتی هەسەدە وتیشی، هیوادارین هەموو لایەنە کوردییەکان خۆیان لە بەرژەوەندیی حیزبیی بە دوور بگرن و بە شێوەیەکی ئەرێنی بەدەم ئەو داوایانەوە بچن کە بۆ گفتوگۆ و یەکهەڵوێستی هەن.

عەبدی داواش دەکات، هەموو لایەک خەبات بۆ یەکێتیی نیشتیمانی کوردان بکەن تا بگەنە هەڵوێستێکی هاوبەش بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سوریاو بەشداربن لە داهاتووی سوریایەکی دیموکراسی و هەمەڕەنگ.