داوای بانگهێشتكردنی وەزیری ناوخۆ دەكرێت بۆ پەرلەمان لەسەر دەستگیركردنی چالاكانی هەولێرو دهۆك

02-11-2020 01:36
ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم.

پەرەگراف

ژمارەی یاسایی پەرلەمانتارانی كوردستان داوا لە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكەن، دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووس‌و چالاكانی مەدەنی لە هەولێرو دهۆك بخرێتە بەرنامەی كاری دانیشتنێكی پەرلەمانەوەو وەزیری ناوخۆ بانگهێشت بكرێت بۆ ئامادەبوون لە دانیشتنەكەدا.

یاداشتەكە بە واژۆی 16 پەرلەمانتارەوە ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كراوە، پەرلەمانتارانی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان‌و گۆڕان واژۆیان كردووە.

ئاشنا عەبدوڵا، پەرلەمانتاری گۆڕان‌و یەكێك لەوانەی واژۆی یاداشتەكەی كردووە دەڵێت، بەلای ئەوانەوە گرنگە ئەم كابینەیە ڕاستگۆبێت لەگەڵ بەڵێنەكانی، لەبەشی "ئازادی و دیموكراسی و پێكەوە ژیان"ی كارنامەكەیدا باسی لە پاراستنی ماف‌و ئازادییەكانی تاك كردوە.

"بۆیە نابێت لەپێناو دەربڕینی ناڕەزایی‌و داواكردنی موچەو جیاوازی بیروڕادا چالاكان و ڕۆژنامەنوسان دەستگیر بكرێن. بۆ ئەو مەبەستەو ڕێگریكردن لە بەرتەسككردنەوەی مەودای ئازادییەكان داوامان لە سەرۆكایەتی پەرلەمان كردوە دانیشتنێكی تایبەت بە پرسی دەستگیركردنی چالاكانی مەدەنی و ڕۆژنامەنوسان لە بادینان سازبكرێت و وەزیری ناوخۆش ئامادەی دانیشتنەكە بێت" ئاشنا لە پەیجی خۆی لە فەیسبووك وای نووسیوەو یاداشتەكەی بڵاوكردووەتەوە.

زیاتر لە دوو مانگە بادینان بە دۆخێكی نائاساییدا تێدەپەڕێت بۆ ڕۆژنامەنووس‌و كەسانی چالاكی مەدەنی‌و ڕەخنەگر، هێزە ئەمنییەكان بە هەڵكوتانەسەر ماڵان‌و دەستگیركردنیان ڕەوشێكی پڕ لە ترس‌و تۆقاندنیان دروست كردووەو دەیان كەس لە زیندانەكاندان‌و ڕێگە بە كەسوكارو پارێزەرەكانیان نادرێت سەردانیان بكەن.

سەرباری ڕەخنەو فشاری ناوخۆیی‌و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بۆ كۆتاییهێنان بە دەستگیركردن‌و هەڵكوتانەسەر ماڵی ڕۆژنامەنو‌وس‌و چالاكان، بەڵام حكومەتی هەرێم‌و دەسەڵاتدارانی بادینان گوێ بە فشارەكان نادەن‌و تەنانەت كەمترین زانیاریی لەبارەی هەڵمەتەكانی دەستگیركردن‌و دۆخی ژیان‌و چارەنووسی چالاكانی دەستگیركراو بڵاودەكەنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێك كە پێشتر پەرەگراف بڵاوی كردەوە، تەنیا لە ماوەی یەك هەفتەدا لە دوای ناوەڕاستی مانگی ئابەوە، لە بادینان نزیكەی 100 كەس دەستگیر كران، بەشێكیان ئازادكراون‌و تێیاندایە تائێستا لەزیندانە، وەك؛ بەدەل بەرواری‌و ئومێد بەرۆشكی دوو چالاكوانی ناسراوی بادینان.

ئەو بارودۆخەی لە دهۆك گوزەرا، گەنجانی شارەكە بە ڕەشبگیری ناویان برد، چونكە وەك ئەوان دەڵێن؛ هێزە ئەمنییەكان بە بێ فەرمانی دادوەر هەڵدەكوتنە سەر خەڵك.

بەپێی بەدواداچونەكانی پەرەگراف، هێزە ئەمنییەكانی دهۆك، بە ڕێگەی عەشایەری و هەڕەشەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، هەوڵی بێدەنگكردنی چالاكوان و خەڵكانی ناڕازیی دەدەن، بەتایبەت ئەوانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا ڕەخنە دەگرن یان بانگەوازی خۆپیشاندان دەكەن.

دەڤەری بادینان، لە مێژووی حوكمڕانی كوردیدا بەردەوام لە قازانجی پارتیدا یەكلابۆتەوە، پێش چەندین ساڵ یەكێتی و دواتریش یەكگرتوو، دوو ڕكابەری لاوازی ئەو حیزبە بوون، بەبێ زیادبون و هەڵكشان لە دەنگ‌و سەنگیاندا.