پەرەگراف
ئاڵپ ئارسلان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا گەیشتە هەولێر، سەردانەکە لەکاتێکدایە گفتوگۆکانی نێوان هەولێر-بەغداد-کۆمپانیاکانی نەوت بە هەڵواسراویی ماوەتەوە لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم.
وەزیری وزەی تورکیا لەلایەن کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێم بەوەکالەت پێشوازیی لێکراو گفتوگۆ دەربارەی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و چارەسەرکردنی بەربەستەکان دەکرێت.
دوای گەیشتنی بۆ هەولێر، مەسرور بارزانی پێشوازیی لە وەزیری وزەی تورکیا کردو پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیایان، بە تایبەتی لە بواری وزەدا تاوتوێ کرد.
مەسرور بارزانی دەڵێت "هاوڕابووین لە سەر نەهێشتنی هەموو ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهان لە زووترین کاتدا".
ڕۆژی 6ی ئەم مانگە کۆبوونەوەی سێ قۆڵیی هەولێرو بەغدادو کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بەبێ ئەنجام کۆتایی هات، سەرباری بەشداریی دیپلۆماتکارانی ئەمەریکی بۆ ئاسانکاریی گەیشتنە ڕێککەوتنی کۆمپانیاکان و وەزارەتی نەوتی عێراق.
ئەوە دووەم کۆبوونەوەی سێ قۆڵی بوو لەماوەی هەفتەیەکدا، ٢ی ئەم مانگەش کۆبوونەوەی نێوان هەولێرو بەغداو کۆمپانیا نەوتییەکان کە چارەنووسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی پێوەبەندبوو "شکستی هێنا".
ئەوکات سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی هەرێم بە پەرەگرافی وت "بەربەستی سەرەکی شایستەی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکانە، کۆمپانیاکان داوای قەرزەکانی ڕابردوویان دەکەن کە لەسەر هەرێمی کوردستانەو یەک ملیار دۆلارە، لەگەڵ ئەنجامدانی ڕێککەوتنێک کە گرەنتی پێدانی شایستە داراییەکانیان بکات لەمەودوا".
بەوتەی سەرچاوەکەی پەرەگراف، بەغداد ئامادە نییە بچێتەژێرباری پێدانەوەی پارەی شاستەی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان کە وەک قەرز لەسەر هەرێمی کوردستانە، بەوهۆیەوە ڕێککەوتن نەکرا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، "هەرچەندە بەغداد لەژێر فشاری ئەمەریکادا جەخت لە زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەکاتەوە".
ڕۆژی 28-02-2025 حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، لە چەند كاتژمێری داهاتوودا وادەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە بۆ بەندەری جەیهانی توركی ڕادەگەیەنن، بەڵام هێشتا ئەو وادەیە ڕانەگەیەندراوە بەهۆی چارەسەر نەکردنی پارەی شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان.
وەزیری نەوتی عێراق وتیشی، هەناردەی نەوتی هەرێم بە 185 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە دەست پێ دەكات و پلە بە پلە زیاد دەكرێت تا دەگاتە بڕی دیاریكراو لە بودجەی گشتی. ئێستا هەرێمی کوردستان ڕۆژانە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، ئەوەی دەمێنێتەوە لە هەناردەکردنەکەی دەرەوە بۆ پێداویستی ناوخۆی بەکاردێت.
بەپێی یاسای بودجەی گشتیی عێراق، دەبێت هەرێمی كوردستان ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بكات، بەمەبەستی هەناردەكردنی بۆ دەرەوە.
ڕۆژی 02-02-2025، پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای بودجەی پەسەند کردو گۆڕانکاری لە بڕگەی تایبەت بە نەوتی هەرێم کرا، بەپێی بڕگە هەموارکراوەکە، لیژنەیەکی تایبەتمەند پێک دەهێنرێت بۆ هەڵسەنگاندنی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان و نەوتەکە لەڕێی کۆمپانیای سۆمۆی عێراق دەفرۆشرێت و داهاتەکەی دەچێتە خەزێنەی فیدراڵ، لە بەرامبەردا بەغداد مووچەو بودجە بۆ هەرێم دەنێرێت.
هەر بەپێی یاسای نوێی بودجە، بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی یەک بەرمیل نەوت 16 دۆلار بە هەرێم دەدرێت تا ئەوکاتەی کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی تایبەتمەند تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم دیاری دەکات، ئەوەش بە ڕێککەوتنێکی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق و کۆمپانیا نەوتییەکان بوو.
هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان، لە 25-03-2023ـەوە ڕاگیراوە، ئەوەش پاش بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس لە بەرژەوەندیی سکاڵایەکی وەزارەتی نەوتی عێراق دژی تورکیا.