پەرەگراف
پاش کۆبوونەوەکەیان لە پیرمام، هەریەک لە مەسروور بارزانى و بافڵ تاڵەبانى ڕایانگەیاند کە "کۆبوونەوەیەکى زۆر باش"یان ئەنجام داوە و "تێگەیشتن و پێشکەوتن"ـى باش لەنێونیان هاتووەتە ئاراوە لەسەر پێکهێنانى حکومەت.
ئەمڕۆ ١٦-٠٣-٢٠٢٥، بافڵ تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانى، سەردانى مەسروور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێم و جێگرى دووەمى سەرۆکى پارتیى لە پیرمام کرد.
پاش کۆبوونەوەکە، هەردوولا قسەیان کرد و بافڵ تاڵەبانى وتى "کۆبوونەوەکەمان زۆر زۆر باش بوو. لەسەر چەند شتى ستراتیژى کە بۆ میللەتەکەمان باش بێت، ڕێککەوتووین. گفتوگۆکانمان بەردەوام دەبن".
سەرۆکى یەکێتى وتیشى "پێم وایە ئامانجى هەردووکمان ئەوەیە بەزووترین کات حکومەتێک دروست بکەین بۆ خزمەتى میللەتەکەمان".
هەروەها مەسروور بارزانى وتى "ئەمە دوو جارە من و کاک بافڵ دوو کۆبوونەوەى زۆر ئەرێنى و باشمان ئەنجام دا، بۆ لێک نزیکبوونەوە و تاوتوێکردنى ئەو بابەتانەى کە گرنگن بۆ خەڵکى کوردستان و ناوچەکە".
مەسروور بارزانى جەختى کردەوەکە کە "پێشکەوتن و تێگەیشتنى زۆر باش" لەسەر زۆر لە بابەتەکان لەنێوانیان هەبووە و وتیشى "ئومێدەوارین کە تیمەکانیش هەر بەو ڕۆحیەتە بگەنە ڕێککەوتنێکى تەواو لەسەر پێکهێنانى حکومەت لە کاتێکى نزیکدا".