پەرەگراف
دادوەر داوایەکی پارێزەری شێروان شێروانی ڕەتکردەوە بۆ ئازادکردنی مەرجداری ئەو ڕۆژنامەنووسە کە نزیکەی ٥ ساڵە لە زیندانە، بەوەش دەبێت تا مانگی ٩ی ئەمساڵ لە زیندان بمێنێتەوە، بە وتەی پارێزەرەکەی.
شێروان لە ١٠-١٠-٢٠٢٠ لەلایەن ئاسایشی پارتییەوە لە ماڵەکەی خۆی لە هەولێر دەستگیر کرا لە هەڵمەتێکدا کە لەو ساڵەدا دەیان ڕۆژنامەنووس و چالاکوان لە هەولێرو بادینان دەستگیر کران، دواتر شێروان و ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووس و چالاکان بە تۆمەتی تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بەگوێرەی مادەی یەك لە یاسای ژمارە (21)ـی ساڵی 2003، دادگایی کران.
لە رۆژانی 15 و 16ـی شوباتی ٢٠٢١، پڕۆسەی دادگایی هەریەكە لە شێروان شێروانی، شڤان سەعید، ئەیاز كەرەم، هاریوان عیسا و گۆهدار زێباری، ڕۆژنامەنووس و چالاكانی بادینان بەڕێوە چوو.
دادگا لە ڕۆژی دووەمی دادگاییەكەدا بڕیاری شەش ساڵ زیندانیكردنی بەسەر هەر پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاكەكەدا سەپاند، دوای دوو جار تەمیزكردنەوەی بڕیارەكەی دادگا، بەڵام دادگای باڵای پێداچوونەوە بڕیارەكەی دادگای تاوانی دووی هەولێری وەك خۆی پەسەند كرد.
دواتر سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە مەرسومێك سزای سەر شێروان شێروانی بە ڕێژەی ٥٠% كەم كردەوە، بەڵام بەرلەوەی ماوەی مانەوەی لە زیندان کۆتایی بێت، دوو دۆسیەی دیکە لە دژی کرایەوەو بە تۆمەتی ساختەکردنی واژۆی ڕۆژنامەنووسیکی هاوڕێی لە زیندان، سزای ٤ ساڵی دیکە زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.
پاش ئەوەی پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسی سزادراوی بادینان داواكارییەكیان پێشكەش كرد بۆ ئەوەی ئیفراج شەرتی (ئازادكردنی بەمەرج) بیانگرێتەوە، دواتر هەر خۆیان داواكارییەكی دیكەیان ئاراستەی چاكسازیی گەورانی هەولێر كرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی داواكاریی یەكەمیان، شێروان شێروانی تۆمەتبار كراوە بەوەی لە داواكاریی دووەمدا لەبریی گۆهدار زێباری واژووی كردووە و ئەوەیشی بە ساختەكاری لەسەر حیساب كراوە.
لە ٢٠-٧-٢٠٢٣ دادگای هەولێر لەسەر ئەو دۆسیەیە، بە دوو ماددەی یاسای سزادانی عێراقی تایبەت بە ساختەكاری، سزای زیندانیكردنی بەسەر شێروان شێروانیدا سەپاند، سزای دوو ساڵ و شەش مانگ بەپێی ماددەی 295 و ساڵێك و شەش مانگ بەپێی ماددەی 289.
پارێزەرەکانی شێروان و ڕێکخراوەکانی دادکۆکی لە ئازادی و مافی ڕۆژنامەنووسان، سزادانەکە بە "ناڕەواو فشارو دەستتێوەردانی سیاسی" لەسەر دادگا لەقەڵەم دەدەن.