لە ساڵیادی کیمیاییبارانی هەڵەبجەدا داوا دەکرێت عێراق ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی تەواو بکات
پەرەگراف
لە ساڵیادی كیمیاییبارانی هەڵەبجەدا بەرپرسانی هەرێمی كوردستان داوا دەكەن عێراق ڕێكارەكانی بەپارێزگابوونی تەواو بكات و قەرەبوونی كەسوكاری قوربانییانی ئەو تاوانە بكاتەوە.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا دەڵێت "لەم یادەدا، جارێكی دیكە جەخت دەكەینەوە كە پێویستە قەرەبووی خەڵكی هەڵەبجە و هەموو قوربانییانی جینۆساید و ئەنفال بكرێتەوە و لە هەموو بوارەكاندا باشترین خزمەتگوزارییان پێشكەش بكرێت. ئەركی حكوومەتی عێراقە بەرپرسیاریەتیی یاسایی و ئەخلاقیی خۆی بەرانبەر قوربانییان و هەموو پابەندییەكانی دەرهەق بە هەڵەبجە و دانیشتوانەكەی جێبەجێ بكات و دادپەروەرییان بۆ بەدی بهێنێت، هەروەها هەموو ڕێكارەكانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە تەواو بكات، پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش لە هەوڵەكانی بۆ دڵنیابوون لە دووبارەنەبوونەوەی ئەم جۆرە تاوانانە لە هەر شوێنێكی جیهان، بەردەوام بێت".
هاوكات مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە پەیامێكدا دەڵێت "ئەوەی جێی داخە، حكومەتی فیدراڵ تا ئێستا، بەرپرسیاریێتیی دەستووری و یاسایی خۆی لە قەرەبووكردنەوەی بنەماڵە و كەسوكار قوربانییان و شەهیدانی هەڵەبجە و ئەنفالكراوان جێبەجێ نەكردووە. تەنانەت تا ئێستاش، ئەنجومەنی نوێنەران پرۆسەی بەپارێزگەبوونی هەڵەبجەی پەسەند نەكردووە. بۆیە داوا دەكەین چیتر كەمتەرخەمی بەرانبەر قوربانیدانەكانی هەڵەبجە نەكرێت و بە شێوەیەكی شایستە، قەرەبووبكرێنەوە و بەپارێزگەبوونەكەشی لە زووترین كاتدا پەسەند بكرێت".
ئەمڕۆ ١٦ی ئادار، ٣٧ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر كیمیاییبارانكردنی هەڵەبجە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە كە تێیدا جگە لە شەهیدبونی زیاتر لە پێنج هەزار هاوڵاتی و دەربەدەربوونی هەزارانی دیكە، سەدان كەسی دیكەش بە كیمیایی برینداربوون و دەیان منداڵ بێسەروشوێن بوون كە تائێستا بەشێكیان نەدۆزراونەتەوەو شاد نەبوونەتەوە بە باوەشی ئازیزانیان.
ژمارەی دانیشتوانی هەڵەبجە بە زیاتر لە 120 هەزار كەس دەخەمڵێنرێت و پێكهاتووە لە قەزای هەڵەبجە، كە ناوەندی پارێزگاكەیە لەگەڵ ناحیەكانی خورماڵ، بیارە، سیروان و بەمۆ.
هەڵەبجە ١١ ساڵە بڕیاری بە پارێزگابوونی بۆ دەرچووە لە هەرێمی كوردستان، بەڵام هێشتا لە عێراق نەبووەتە پارێزگاو پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر نەدراوەو نەبووەتە یاسا. لە 13ـی ئاداری 2014ـدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ئەوكاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری بە پارێزگابونی هەڵەبجەی وەك چوارەمین پارێزگای هەرێم واژۆكرد و لە 16ـی هەمان مانگدا مەسعود بارزانی، وەك سەرۆكی هەرێم فەرمانی هەرێمیی بۆ بە پارێزگابونی هەڵەبجە دەركرد. بڕیاری بە پارێزگابونی هەڵەبجە، پاڵپشت بە بڕیاری ژمارە 11ی پەرلەمانی كوردستان بوو لە 22ی ئەیلولی 1999ـدا، كە تیایدا هاتووە هەریەك لە قەزاكانی هەڵەبجە، سۆران، ئاكرێ و ڕانیە بكرێنە پارێزگا.
هەرێمی كوردستان لە دۆسیەی ناساندنی بە پارێزگابونی هەڵەبجە لەلایەن عێراقەوە، پشتی بە ماددەی 141ـی دەستوری عێراق قایمە، كە تیایدا هاتووە ئەو یاسایانەی لە هەرێمی كوردستان كاریان پێكراوە لە پێش ساڵی 2005 بەركار دەبن، بەوەش پێیانوایە مادام پەرلەمانی كوردستان لە 1999ـدا بڕیاری بە پارێزگابونی هەڵەبجەی دەركردووە، عێراق ناچارە دانی پێدابنێت. لە 31ی كانوونی یەكەمی 2013 پەرلەمانی عێراق هەڵەبجەی بە پارێزگا ناساند، بەڵام كارەكانی تەواونەكرا، لە 16ـی ئاداری 2021ـدا پەرلەمان یاداشتێكی ئاڕاستەی حكومەتی عیراقی كرد، كە تیایدا هاتووە، پێویستە حكومەت رێكارە یاساییەكانی راگەیاندنی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تەواو بكات.
پاشان پڕۆژەیاسای هێنانەكایەی پارێزگای هەڵەبجە لە كۆماری عێراقدا، لە كۆبوونەوەی ١٣-٣-٢٠٢٣ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا پەسەند كرا و ڕەوانەی پەرلەمان كرا، ئەمەش دوای ئەوە هات كە وەزارەتی پلاندانانی عێراق هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ دۆسیەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تەواو كرد و ڕەوانەی حكومەتی عێراقی كرد، كە تێیدا ئەوەخراوەتە ڕوو، هەڵەبجە شیاوی ئەوەیە بكرێتە پارێزگا.