پەرەگراف
حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، لە كردەوەیەكی "تیرۆرستیدا" بۆری هەناردەی نەوتی هەرێم كراوەتە ئامانجو بووەتەھۆی وەستانی ھەناردەی نەوت.
لە ڕاگەیەندراوەكەیدا حكومەتی هەرێم لایەنی ئەنجامدەری هێرشەكەو شوێنی ئەنجامدانی ئاشكرا نەكردووەو ئەوەی خستووەتەڕوو لێكۆڵینەوە لەوبارەیەوە بەردەوامە.
ئەوە لەكاتێكدایە هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە- باڵی چەكداریی پەكەكە) دوێنێ ڕایگەیاند "هێزەكانمان لە بەرواری ٢٨ی تشرینی یەكەم لە كاتژمێر 13:00 لە دژی بۆری نەوتی بۆتاش لە هەرێمی باگۆكی سەر بە شاری مێردین چالاكیەكی سەركەوتوویان ئەنجامداوە. لەو چالاكیەدا بۆری نەوتەكە بە تەواوەتی لەناو چووە".
بۆری نەوتی بۆتاش هەمان ئەو بۆرییەیە كە نەوتی هەرێمی كوردستان لە خاكی توركیادا دەگوازێتەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركی.
حكومەتی هەرێم ئاماژەی بە قەبارەی زیانەكانی ئەو هێرشە نەكردووە.
هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی سەختی داراییدایەو حكومەت پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران، بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی چەند ساڵێكە تێی كەوتووە، حكومەت ناتوانێت مانگانەو لەكاتی خۆیدا مووچەی تەواو دابەش بكات.
دەقی ڕاگەیەندراوی حكومەتی هەرێم لەوبارەیەوە
حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تووندی كردەوەی تێرۆریستیی بە ئامانجگرتنی بۆڕی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان سەركۆنە دەكات.
رۆژی چوارشەممە 28 تشرینی یەكەم 2020، بۆری هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان كرایە ئامانج و بووە هۆی ئەوەی كە پرۆسەی هەناردەكردنی نەوتی ھەرێمی كوردستان بوەستێت.
حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەم كردەوە تێرۆریستییە شەرمەزار دەكات و پێی وایە ئەم جۆرە كردەوانە دۆخی هەرێم و ناوچەكە زیاتر ئاڵۆز دەكەن.
حكومەتی هەرێم بە هیچ شێوەیەك رێگە نادات هەڕەشە لە بەرژەوەندییەكانی بكرێت ودەست بۆ قوتی خەڵكی كوردستان ببرێت.
لێكۆڵینەوە بۆ ئاشكراكردنی ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە بەردەوامە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان
2020/10/30