ترەمپ باس لە ڕۆڵی کورد دەکات لە کوشتنی سەرکردە باڵاکەی داعش

15-03-2025 11:46

پەرەگراف

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا جەختی لەسەر ڕۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە لە ئۆپەراسیۆنێکی باڵادا کە تێیدا ئەبو خەدیجە سەرکردەی باڵای داعش کوژرا.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا جەختی لەسەر ڕۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە لە ئۆپەراسیۆنێکی باڵادا کە تێیدا ئەبو خەدیجە سەرکردەی باڵای داعش کوژرا.

لە پۆستێکیدا لە تۆڕی ئێکس، ترەمپ ڕایگەیاند: "جەنگاوەر ئازاكانمان بێوچان بەدوایەوە بوون. ژیانی بەدبەختی کۆتایی پێهات، لەگەڵ ئەندامێکی دیکەی داعش، بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئاشتی لەڕێگەی هێزەوە!".

هاوکات فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا ڤیدیۆی بە ئامانجگرتنی سەرکردەی داعش و کەسێکی دیکەی بڵاوکردەوە کە لە ئۆتۆمبێلێکدان و بە مووشەک دەکرێنە ئامانج لە پارێزگای ئەنبار.

دوێنێ ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕەخنەی توندی لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەگرێت کە ڕۆڵی ئەنجومەنەکەی نادیدەگرتووە لە ئۆپەراسیۆنی کوشتنی عەبدوڵا مەکی موسلیح ئەلڕەفیعی ناسراو بە ئەبو خەدیجە، جێگری خەلیفەی داعش و والی عێراق و سوریا.

ئەنجومەنی ئاسایش وتی "دوای چەندین ساڵ بەدواداچوون و بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان و دواتر لەگەڵ هێزەکانی فیدراڵی عێراقی، جێگری خەلیفەی داعش و بەرپرسی داعش لە عێراق و سووریا بە ناوی عەبدوڵڵا مەکی موسڵیح رفیعی ناسراو بە ئەبو خەدیجە لە چالاکییەکدا کوژرا. ئەم کردارەش دەرخەری ڕژدی ئێمەیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستان لە ناوچەکەدا".

"بەڵام بەداخەوە لە ڕاگەیەندراوی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵدا هیچ ئاماژەیەک بە ڕۆڵی سەرەکیی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان نەدراوە. ئەم نادیدەگرتنەش ئاماژەیەکی باش نییە بۆ ئاسۆی هاوکاریی دامودەزگانی هەرێم و فیدراڵ.

دامودەزگاکانی سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕۆڵی کاریگەریان لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستان لەم ناوچەیەدا هەبووە و هەرواش بە کارایی لەم ئەرکەی بەردەوام دەبێت و باشترە حکومەتی فیدراڵیش زەمینەیەکی لەبارتری هاوکاری و هاوئاهەنگی برەخسێنێت لەپێناو پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی سەرانسەری عێراق" ئەنجومەنی ئاسایش وای وت.

دوێنێ سودانی ڕایگەیاند، هەواڵگری عێراق بە پشتیوانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا ئەبو خەدیجەیان کوشتوە، بەڵام کات و شوێنی ئۆپەراسیۆنەکەی ئاشکرا نەکردو باسی بەشداری کوردیشی نەکرد.

ئەبوخەدیجە لەلایەن سودانییەوە بە "یەکێک لە تیرۆریستە مەترسیدارەکانی عێراق و جیهان" وەسف کرا. لە ساڵی ٢٠٢٣دا ئەمەریکا وەک تیرۆریستێکی جیهانیی دەستنیشانی کرد بەهۆی ڕۆڵی سەرکردایەتیکردنی لەناو داعشدا.

داعش کە لە 2014دا دەستی بەسەر ناوچەیەکی فراوانی باکور و ناوەڕاستی عێراقدا گرت، لە ساڵی 2017دا کۆتاییهێنان بە خەلافەتی داعش ڕاگەیەندرا، بەڵام تا ئێستا ئەو گروپە لە عێراق و سوریا ناوەناوە چالاکیی تیرۆریستی دەکات.