ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم ڕەخنە لە سودانی دەگرێت بەهۆی نادیدەگرتنی ڕۆڵی لە ئۆپەراسیۆنی کوشتنی ئەبو خەدیجە
پەرەگراف
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕەخنەی توندی لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەگرێت کە ڕۆڵی ئەنجومەنەکەی نادیدەگرتووە لە ئۆپەراسیۆنی کوشتنی عەبدوڵا مەکی موسلیح ئەلڕەفیعی ناسراو بە ئەبو خەدیجە، جێگری خەلیفەی داعش و والی عێراق و سوریا.
ئەنجومەنی ئاسایش دەڵێت "دوای چەندین ساڵ بەدواداچوون و بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان و دواتر لەگەڵ هێزەکانی فیدراڵی عێراقی، جێگری خەلیفەی داعش و بەرپرسی داعش لە عێراق و سووریا بە ناوی عەبدوڵڵا مەکی موسڵیح رفیعی ناسراو بە ئەبو خەدیجە لە چالاکییەکدا کوژرا. ئەم کردارەش دەرخەری ڕژدی ئێمەیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستان لە ناوچەکەدا".
"بەڵام بەداخەوە لە ڕاگەیەندراوی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵدا هیچ ئاماژەیەک بە ڕۆڵی سەرەکیی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان نەدراوە. ئەم نادیدەگرتنەش ئاماژەیەکی باش نییە بۆ ئاسۆی هاوکاریی دامودەزگانی هەرێم و فیدراڵ.
دامودەزگاکانی سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕۆڵی کاریگەریان لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستان لەم ناوچەیەدا هەبووە و هەرواش بە کارایی لەم ئەرکەی بەردەوام دەبێت و باشترە حکومەتی فیدراڵیش زەمینەیەکی لەبارتری هاوکاری و هاوئاهەنگی برەخسێنێت لەپێناو پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی سەرانسەری عێراق" ئەنجومەنی ئاسایش وادەڵێت.
ئەمڕۆ سودانی ڕایگەیاند، هەواڵگری عێراق بە پشتیوانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا ئەبو خەدیجەیان کوشتوە، بەڵام کات و شوێنی ئۆپەراسیۆنەکەی ئاشکرا نەکردو باسی بەشداری کوردیشی نەکرد.
ئەبوخەدیجە لەلایەن سودانییەوە بە "یەکێک لە تیرۆریستە مەترسیدارەکانی عێراق و جیهان" وەسف کرا. لە ساڵی ٢٠٢٣دا ئەمەریکا وەک تیرۆریستێکی جیهانیی دەستنیشانی کرد بەهۆی ڕۆڵی سەرکردایەتیکردنی لەناو داعشدا.
داعش کە لە 2014دا دەستی بەسەر ناوچەیەکی فراوانی باکور و ناوەڕاستی عێراقدا گرت، لە ساڵی 2017دا کۆتاییهێنان بە خەلافەتی داعش ڕاگەیەندرا، بەڵام تا ئێستا ئەو گروپە لە عێراق و سوریا ناوەناوە چالاکیی تیرۆریستی دەکات.