پەرەگراف
یابان بە بڕی ملیارێک دینار هاوکاریی مۆزەخانەی سلێمانی دەکات، خەرجکردنی پارەکە پێویستی بە واژۆی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن هەیە لەلایەن وەزیری دەرەوەی عێراق، ئەگەر تا کۆتایی ئەم مانگە واژۆکە نەکرێت پارەکە خەرج ناکرێت.
دیلان غەفور سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق بە پەرەگرافی وت "دوای بەدواداچوون و گفتوگۆکردنمان لەگەڵ بەرپرسانی باڵیۆزخانەی یابان بۆمان دەرکەوت پێویستە تا کۆتایی ئەم مانگە واژۆ لەسەر یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ یابان بکرێت بە مەبەستی خەرجکردنی پارەکە".
"بە نووسراوێکی فەرمی و بەپەلە داوامان لە وەزیری دەرەوەی عێراق کردووە واژۆ لەسەر یاداشتەکە بکات، بە پێچەوانەوە پارەکە خەرج ناکرێت و دەگەڕێتەوە بۆ لایەنی یابانی" ئەو پەرلەمانتارە وای وت.
وتیشی "پڕۆژەکە لەلایەن ئاژانسی جایکای یابانیی جێبەجێ دەکرێت و ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت لە پێشخستنی مۆزەخانەی سلێمانی و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی".