ئادەم عوسمان هاوڕێ شۆفێرەکەی عەلی حەمەساڵح ئازاد کرا

13-03-2025 04:25

پەرەگراف

دوای مانگێک و سێ ڕۆژ زیندانیکردنی لە ئاسایشی هەولێر، ئەمڕۆ ئادەم عوسمان هاوڕێ شۆفێرەکەی عەلی حەمەساڵح ئازاد کرا.

پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح بڵاویکردەوە، "دوای مانگێک و سێ ڕۆژ زیندانی لە ئاسایشی هەولێر ئەمڕۆ هاوڕێم ئادەم عوسمان ئازادبوو.."

"زۆر سوپاسی بەڕێز سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ و تیمی پارێزەران دەکەین کە زۆر ماندووبون. سوپاس هاوڵاتیان و ڕێکخراوەکان دەکەین کە پشتیوانمان بوون" عەلی حەمەساڵح وادەڵێت.

پۆلیسی هەولێر ڕۆژی ١١-٢-٢٠٢٥ ڤیدیۆی ئادەم عوسمان پاسەوانی پێشوو و هاوڕێی ئێستای عەلی حەمەساڵحی لەژێر ناوی "دانپێدانان"و گرتەیەکی ڤیدیۆیی شاری هەولێری بڵاوکردەوە كە تۆماركردنی دایە پاڵ عەلی حەمەساڵح کاتێک ئەو هاوڕێیەی شۆفێریی بۆ کردووە، پۆلیس وتی ئەو ڤیدیۆیە "لە میدیای دژ بە قەوارەی هەرێمی کوردستان و بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێم بڵاوکراوەتەوە"، کە مەبەستی تەلەگرامی سابرین نیوز بوو کە نزیکە لە شیعەکانی عێراق و پشتیوانی سیاسەتەکانی ئێران دەکات لە عێراق.

بەپێی بەدواداچوونێکی وردی پەرەگراف، ئەو گرتە ڤیدیۆیەی لە سابرین نیوز بڵاوکراوەتەوەو پۆلیس دەڵێت هی عەلی حەمەساڵحە، هی ئەو نییە، هی کەناڵی کەی ئێن ئێنەو سابرین نیوز لەوانی وەرگرتووەو ٢٤ خولەک دوای بڵاوبوونەوەی لە پەیجی کەی ئێن ئێن لە فەیسبووک، سابرین نیوز لە تەلەگرامی خۆی بڵاویکردووەتەوەو لۆگۆی خۆی خستووەتەسەر، تەنانەت میوزیکی ڤیدیۆکەشی نەگۆڕیوە کە هی کەی ئێن ئێنە، بەمەش دەردەکەوێت پۆلیس کەوتووەتە هەڵەوە.

پەرەگراف لە کاتی ڕووداوەکەداو لە بەدواداچوونێکدا لە سەرچاوەیەکی کەناڵی کەی ئێن ئێنەوە پشتڕاستی کردەوە کە ئەو ڤیدیۆیە تایبەتە بەو کەناڵەو هی خۆیانە، ڕۆژی ٩-٢-٢٠٢٥ کاتژمێر ١٠:٥٨ خولەک کەی ئێن ئێن بڵاویکردووەتەوەو پاشان کاتژمێر ١١:٢٢ خولەک سابرین نیوز هەمان ڤیدیۆی بڵاوکردووەتەوەو لۆگۆی کەی ئێن ئینی لەسەر لابردووە.

ڤیدیۆکە ڕۆژی ٩-٢-٢٠٢٥ تۆمار کراوە کاتێک هێزێکی زۆر لەناو شاری هەولێر بڵاوەی پێکرا بۆ ڕیگریی لە خۆپیشاندانی مامۆستاو فەرمانبەران دژی قەیرانی مووچە، لە کاتێکدابوو کە سەدان مامۆستا لە سلێمانییەوە بەڕێکەوتن بۆ هەولێر بە مەبەستی خۆپیشاندان، بەڵام لە بازگەی دێگەڵە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕێگرییان لێکرا بچنە هەولێرو گازی فرمێسکڕێژ لە دژیان بەکارهێنرا.

دەستگیرکردنی ئادەم عوسمان، پۆلیسی هەولێری ڕوبەڕوی ڕەخنەی تووند کردووەتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڕەخنەگران پرسیاری ئەوە دەکەن بۆچی وێنەو ڤیدیۆگرتنی بڵاوەپێکردنی هێز نایاسییەو بەپێی چ یاسایەک؟ بۆ دەبێت شۆفێری کەسێک دەستگیربکرێت کە ڤیدیۆ دەگرێت؟ لە کاتێکدا پۆلیس خۆی ئاماژەی بە هیچ ماددەیەکی یاسایی نەکردووە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، تۆمەتی قورسی "تێکدانی ئاسایشی هەرێم" باس دەکات.

بەدواداچوونێکی پێشتری پەرەگراف لەسەر ئەم دۆسیەیە: