لە سلێمانی دادگایەک تایبەت کرا بە دۆسیەی ڕۆژنامەنووسان

13-03-2025 11:03

پەرەگراف

لە سلێمانی دادگایەک تایبەت کرا بۆ بینینی دۆسیەی ڕۆژنامەنووسان بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەریی ژمارە 35ی ساڵی 2007 کە جێی پەسەندی ڕۆژنامەنووسانە.

دادوەر عومەر ئەحمەد سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی بە فەرمانێكی كارگێڕی، 13ی ئەم مانگە دوو بڕیاری لەبارەی دۆسیەکانی رۆژنامەنووسان دەرکرد، تیایدا هاتووە؛ لەبەر بەرژەوەندی گشتی و باشتر راپەڕاندنی کارەکان بڕیارماندا بە:

یەکەم: دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی/1 تایبەتمەند دەبێت بە بینینی ئەو سکاڵایانەی کە پەیوەندیدارن بە رۆژنامەنووسان لەناو شاری سلێمانی وە یاسای ژمارە 35ـی ساڵی 2007 یاسای رۆژنامەگەری لە کوردستان بەسەریدا پیادە دەبێت.

دووەم: سەرجەم داواکانی سەرەوە لە دوای کۆتایی هاتنی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە، هەواڵەی دادگای کەتنی سلێمانی/6 دەکرێن بۆ یەکلایی کردنەوەیان.