پەرەگراف
هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، ڕێککەوتنەکەی مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع بە ئاگاداری و نێوەندگیریی ئەمەریکایەو گۆڕانکاریی لە هێزەکانی هەسەدە ڕوونادات.
فەرهاد شامی، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە دەڵێت "ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ دیمەشق بە نێوەندگیری ئەمەریکا کراوەو ئەمەریکا لایەنێکی چالاکە تیایدا، هیچ گۆڕانکاریەكیش لە هێزەکانی رۆژئاوای کوردستان روونادات".
بەرپرسی ڕاگەیاندنی هەسەدە ئەوەش دەخاتەڕوو، دۆسیەی داعش گۆڕانکاریی بەسەردا نایەت و هێزەکانی هەسەدە بەرپرسی دۆسیەکەو زیندانەکانی داعش دەبن و هێزی سوریا ڕەوانەی ناوچەکانی هەسەدە ناکرێت، جەختیش دەکاتەوە، ئامانجی ڕێککەوتنەکە وەستانی شەڕو ئاڵۆزیی و بەدیهێنانی سەقامگیرییە.
دوێنێ ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە ڕێککەوتنێکی هەشت خاڵییان واژۆکرد.
بەپێی ڕێککەوتنەکە؛ مافی سەرجەم پێکهاتەکانی سوریا پارێزراو دەبێت و کورد پێکهاتەیەکی سەرەکیی سوریایەو سەرجەم مافەکانی پارێزراو دەبێت بەپێی دەستور، هەروەها هەسەدە بەشێک دەبێت لە دامەزراوەکانی سوریاو جەخت لە یەکپارچەیی وڵات و دژی دابەشکاریی دەبن.
دەقی ڕێککەوتنەکە
لەسەر بنەمای ئەو کۆبوونەوەی کە لەنێوان بەڕێز سەرۆک ئەحمەد شەرع و بەڕێز مەزڵوم عەبدی لە ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی ئازاری ٢٠٢٥ ئەنجامدرا، ڕێکەوتن لەسەر ئەم خاڵانە کرا:
١. دڵنیابوون لە مافی هەموو سوورییەکان بۆ بەشداریکردن و نوێنەرایەتیکردن لە پرۆسەی سیاسی و هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت بەپێی کارامەیی، بێ گوێدانە پشتگیری ئایینی و ڕەگەزییان.
٢. کۆمەڵگەی کورد کۆمەڵگەیەکی ڕەسەن و بنەڕەتییە لە دەوڵەتی سووریا، و دەوڵەتی سووریا مافی دانیشتوانی و هەموو مافە دەستوورییەکانیان دڵنیادەکاتەوە.
٣. وەستاندنی هەموو جۆرەکانی شەڕ لەسەر هەموو خاکی سووریا.
٤. یەکخستنی هەموو دامەزراوە شارستانییەکان و سەربازییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ژێر بەڕێوەبەری دەوڵەتی سووریا، لەوانەش سنوورەکان، فڕۆکەخانەکان و کانیاوی نەوت و گاز.
٥. دڵنیابوون لە گەڕانەوەی هەموو ئاوارەبووە سوورییەکان بۆ شار و گوندەکانی خۆیان و دڵنیابوون لە پاراستنیان لەلایەن دەوڵەتی سووریا.
٦. پشتگیریکردنی دەوڵەتی سووریا لە ململانێکردن لەگەڵ پاشماوەکانی دەسەڵاتی ئەسەد و هەموو هەڕەشەکانی تر کە مەترسی بۆ سەلامەتی و یەکپارچەیی دەوڵەت درووستدەکەن.
٧. ڕەتکردنەوەی بانگەشەی دابەشکردن و وتارەکانی ڕقوکینە و هەوڵەکان بۆ خراپکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا.
٨. لیژنە جێبەجێکارەکان کاردەکەن و هەوڵدەدەن بۆ جێبەجێکردنی ئەم ڕێکەوتنە بەرلە گەیشتن بە کۆتایی ساڵ.