دەقی خاڵەکانی ڕێککەوتنی مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع

10-03-2025 08:31

پەرەگراف

ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە ڕێککەوتنێکی هەشت خاڵییان واژۆکرد.

بەپێی ڕێککەوتنەکە؛ مافی سەرجەم پێکهاتەکانی سوریا پارێزراو دەبێت و کورد پێکهاتەیەکی سەرەکیی سوریایەو سەرجەم مافەکانی پارێزراو دەبێت بەپێی دەستور، هەروەها هەسەدە بەشێک دەبێت لە دامەزراوەکانی سوریاو جەخت لە یەکپارچەیی وڵات و دژی دابەشکاریی دەبن.

دەقی ڕێککەوتنەکە

لەسەر بنەمای ئەو کۆبوونەوەی کە لەنێوان بەڕێز سەرۆک ئەحمەد شەرع و بەڕێز مەزڵوم عەبدی لە ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی ئازاری ٢٠٢٥ ئەنجامدرا، ڕێکەوتن لەسەر ئەم خاڵانە کرا:

١. دڵنیابوون لە مافی هەموو سوورییەکان بۆ بەشداریکردن و نوێنەرایەتیکردن لە پرۆسەی سیاسی و هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت بەپێی کارامەیی، بێ گوێدانە پشتگیری ئایینی و ڕەگەزییان.

٢. کۆمەڵگەی کورد کۆمەڵگەیەکی ڕەسەن و بنەڕەتییە لە دەوڵەتی سووریا، و دەوڵەتی سووریا مافی دانیشتوانی و هەموو مافە دەستوورییەکانیان دڵنیادەکاتەوە.

٣. وەستاندنی هەموو جۆرەکانی شەڕ لەسەر هەموو خاکی سووریا.

٤. یەکخستنی هەموو دامەزراوە شارستانییەکان و سەربازییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ژێر بەڕێوەبەری دەوڵەتی سووریا، لەوانەش سنوورەکان، فڕۆکەخانەکان و کانیاوی نەوت و گاز.

٥. دڵنیابوون لە گەڕانەوەی هەموو ئاوارەبووە سوورییەکان بۆ شار و گوندەکانی خۆیان و دڵنیابوون لە پاراستنیان لەلایەن دەوڵەتی سووریا.

٦. پشتگیریکردنی دەوڵەتی سووریا لە ململانێکردن لەگەڵ پاشماوەکانی دەسەڵاتی ئەسەد و هەموو هەڕەشەکانی تر کە مەترسی بۆ سەلامەتی و یەکپارچەیی دەوڵەت درووستدەکەن.

٧. ڕەتکردنەوەی بانگەشەی دابەشکردن و وتارەکانی ڕقوکینە و هەوڵەکان بۆ خراپکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا.

٨. لیژنە جێبەجێکارەکان کاردەکەن و هەوڵدەدەن بۆ جێبەجێکردنی ئەم ڕێکەوتنە بەرلە گەیشتن بە کۆتایی ساڵ.