عێراق گرێبەستی پەرەپێدانی چوار کێڵگەی نەوتی کەرکوکی لەگەڵ کۆمپانیای بی پی بەریتانی واژۆ کرد

10-03-2025 01:35

پەرەگراف

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، گرێبەستی پەرەپێدانی چوار کێڵگەی نەوتی کەرکوک لەگەڵ کۆمپانیای بی پی بەریتانی واژۆ کرا.

گرێبەستەکە ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی وەزیری نەوت واژۆ کرا، بە ئامانجی زیادکردنی بەرهەمی نەوتی کەرکوک لەڕێی پەرەپێدانی کێڵگەکانی ئاڤانا، بابا، بای حەسەن، خەباز و جەمبور.

وەزیری نەوتی عێراق، واژۆکردنی گرێبەستی پەرەپێدانی کێڵگەکانی کەرکوک بە دەستکەوتێکی گەورە ناودەبات و دەڵێت: پەرەپێدان و نۆژەنکردنەوەی کێڵگەکان، بڕی بەرهەمی نیشتمانی زیاد دەکات، هاوکات بەرهەمی غازیش بەرز دەکاتەوە بۆ پاڵپشتیکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا.

مانگی ئابی 2024 یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان بریتیش پێترۆلیۆم و حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق واژۆ کرا بۆ پەرەپێدانەوەی کێڵگەی نەوتی کەرکوک کە لە ئێستادا نزیکەی 250 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بەرهەم دەهێنێت.

مۆرای ئۆچینکلۆس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای بریتیش پێترۆلیۆم(بی پی) پێشتر ڕایگەیاند، پێنج ناوچەی دەوڵەمەند بە یەدەگی نەوت لە کێڵگەکەدا هەیە کە خۆی دەبینێتەوە لە 20 ملیار بەرمیل نەوت، هەلومەرج و باردۆخ لە ئێستادا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەبارە، حکومەتی عێراق کە ئامادەیە لەگەڵ ئێمەدا لە دۆخێکی ئەمنی زۆر سەقامگیرتردا کاربکات.

ئەم هەنگاوەی کۆمپانیاکە ئاماژەیە بۆ گەڕانەوەی فراوانی کارەکانی بریتیش پێترۆلیۆم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. کۆمپانیای بریتیش پێترۆلیۆم لە ئێستادا بەشێوەیەکی سەرەکی کار لە کێڵگەی نەوتی ڕومێلە لە بەسرە دەکات کە ئەو کێڵگەیە نزیکەی یەک لەسەر سێی بەرهەمی نەوتی خاوی عێراق بەرهەم دەهێنێت.

هاوکات هیواکان لە زیادبووندایە کە هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک بۆ بازاڕە جیهانییەکان لە ڕێگەی تورکیاوە. هەناردەی نەوتی کەرکوک و هەرێمی کوردستان لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢٣ەوە ڕاگیراوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندی عێراق لە ناکۆکی لەگەڵ تورکیا لەسەر ڕێککەوتنەکانی گواستنەوەی نەوت.