ئەمریكا بۆ سوودانی: لەگەڵ هەرێم كێشەكان چارەسەر بكەن و قەرزی كۆمپانیا نەوتییەكان بدەن
پەرەگراف
ئیدارەی نوێی ئەمریكا داوا لە سوودانی دەكات لەمپەرەكانی بەردەم ئەو كۆمپانیا ئەمریكییانەی بواری نەوت هەڵبگیرێت كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن. داوایشی لێ دەكات لەگەڵ هەرێم كێشەكانیان چارەسەر بكەن و ئەو قەرزانەی كۆمپانیا نەوتییەكان بدەنەوە كە لای حكومەتی هەرێمی كوردستانە.
ئەم پەیامەی ئەمریكا، شەوی ڕابردوو 09-03-2025، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەلایەن مایك واڵتز، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا لە ئیدارەی ترەمپ، بە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق گەیەندراوە.
كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان (ئەپیكور) كە لە كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوت لە هەرێمی كوردستان پێك دێت، دەڵێن یەك ملیار دۆلار قەرزیان لای حكومەتی هەرێمی كوردستانە، هەر ئەو قەرزەیش ئێستا لەمپەری سەرەكیی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمە.
مایك واڵتز لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (ئێكس) ڕایگەیاندووە، داوای لە حكومەتی عێراق كردووە "لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان كار بكات بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی پەیوەست بە گرێبەستەكان و پێدانی شایستەی قەرزی كۆمپانیاكانی وزەی ئەمریكا".
كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان (ئەپیكور) دەڵێت "ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق باسی لە نەهێشتنی ئاستەنگەكان كردووە لەبەردەم كۆمپانیا نەوتییەكان كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن وەكوو بەشێك لە گەشەی وزە و سەربەخۆیی عێراق".
هاوكات نووسینگەی ڕاگەیاندنی محمەد شیاع سوودانی لەبارەی پەوەیوەندییە تەلەفۆنییەكەوە بڵاوی كردەوە "لە گفتوگۆكاندا تیشك خراوەتە سەر بەهێزكردنی هاریكاریی دووقۆڵی لە بوارەكانی ئابووری و ئەمنیدا".
"سەرۆكوەزیران پابەندبونی عێراقی دووپات كردەوە بە فراوانكردنی پەیوەندییە ئابورییەكان لەگەڵ ئەمریكا و هاندانی كۆمپانیا ئەمریكییەكان بۆ وەبەرهێنان لە گەشەسەندنی بازاڕی عێراقدا"، نووسینگەی سوودانی وا دەڵێت.