حکومەتی هەرێم: بەهۆی پڕۆژەی ڕووناکییەوە نزیکەی 400 مۆلیدەی ئەهلی لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر کوژێنراونەتەوە

09-03-2025 11:07

پەرەگراف

حکومەتی هەرێم دەڵێت: بەهۆی پڕۆژەی ڕووناکییەوە نزیکەی 400 مۆلیدەی ئەهلی لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر کوژێنراونەتەوە.

"کاریگەریی کوژاندنەوەی ئەو 400 مۆلیدە ئەهلییە لەسەر ژینگە، هاوشێوەی نەهێشتنی 60 هەزار بارهەڵگرە لەسەر شەقامەکان" حکومەت وادەڵێت.

بەپێی ڕووپێوییەکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان کە ساڵی 2023 ئەنجامەکەی بڵاوکرایەوە، ٧ هەزارو ٣٥٤ مۆلیدەی ئەهلیی لە هەرێمی کوردستان هەن.

مۆلیدەکان لەسەدا ٩٠یان لە ناو شارەکانن و لەسەدا ١٠یان لە گوندەکانن، زۆرترین مۆلیدەش لە هەولێرە کە ٣ هەزارو ٧٧٦ مۆلیدەیەو پاشان لە دهۆک هەزارو ٨١٩ و دواتر لە سلێمانی هەزارو ٧٥٩ مۆلیدە هەن.

مۆلیدە ئەهلییەكان لە زۆربەی گەڕەكەكانی هەرێمی كوردستاندا هەن؛ بە تایبەت لە وەرزەكانی سەرما و گەرمادا زۆرترین كات كار دەكەن، چونكە كارەبای نیشتمانی كەمترە و ئەو بۆشاییە پڕدەكەنەوە، بەپێی بەدواداچوونێکی پێشتری پەرەگراف، مۆلیدە ئەهلییەکان کاریگەریی زۆر خراپیان بۆسەر تەندروستی مرۆڤ و ژینگە هەیەو سەرچاوەیەکی تووشبوونن بە نەخۆشیی شێرپەنجە.

پڕۆژەی ڕووناکی پڕۆژەیەکی حکومەتی هەرێمە بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێریی، بەپێی پلانی حکومەت تا کۆتایی ساڵی 2026 کارەبا لە سەرتاسەری کوردستان دەبێتە 24 کاتژمێر.

پڕۆژەکە مانگی 10ی 2024 لە هەولێر لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕاگەیەندراو بە دابینکردنی کارەبای بەردەوام بۆ ژمارەیەک گەڕەکی هەولێر دەستی پێکردو لە سلێمانیش خراوەتەبواری جێبەجێکردن.

ڕەخنەگرانی پڕۆژەکە باسلە زیادبوونی نرخی کارەبا دەکەن بەپێی پڕۆژەی ڕووناکی، عومەر گوڵپی پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان دەڵێت: پارەی کارەبا شەش هێندە زیاد دەکات و پێیوایە "پڕۆژەکە بگاتە هەر ماڵێک دەیکات بە کرێچی".