ڕووانگەى سوورى: چەندین کۆمەڵکوژى بەرامبەر عەلەوییەکان ئەنجام دراوە و سەدان کەس کوژراون
پەرەگراف
ڕووانگەى سوورى کوژانى "٣٤٠" هاووڵاتیى مەدەنیى عەلەویى لە ژمارەیەک "کۆمەڵکوژی"دا لەلایەن هێزە ئەمنى و سەربازییەکانى سووریاوە لە دوو ڕۆژى ڕابردوودا پشتڕاست کردووەتەوە و ڕایدەگەیەنێت "ئامارى ڕاستەقینە زۆر زیاترە". ڕێکخراوەکە داواى دەستوەردانى خێراى ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆمارى سووریا دەکات بۆ ڕاگرتنى "کۆمەڵکوژى و تاڵانکردن و سووتاندن"ـی موڵکوماڵی عەلەوییەکان.
ڕامى عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەرى ڕووانگەى سوورى بۆ مافەکانى مرۆڤ، ڕایگەیاند "ئەو یاخیبوونە چەکدارییەى لە پارێزگاکانى لازقیە و تەرتووسى کەناراوەکانى سووریا هەبوو، کۆتایی هاتووە، بەڵام کۆمەڵکوژیی هاووڵاتیانى مەدەنیى عەلەوی لە گوند و شارۆچکەکانى ئەو ناوچە بەردەوامە".
ڕامى عەبدولڕەحمان ڕایگەیاند، ڕێکخراوەکەیان "کوژرانى۳٤۰ هاووڵاتیی مەدەنیی عەلەوی لە ژمارەیەک کومەڵکوژیدا" پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام جەختى کردەوە کە "ئامارى ڕاستەقینەى کوژراون زۆر لەوە زیاترە و هەندێک سەرچاوە باس لە کوژرانى زیاتر لە هەزار کەس دەکەن".
"کوشتن بە چەک، لەسێدارەدان و ئاوارەکردنى هاووڵاتیانى مەدەنیى عەلەوى، تاڵانکردن و سووتاندنى موڵکوماڵ و ئۆتۆمبێلى عەلەوییەکان" لەو تاوان و پێشێلکارییانەن کە ڕووانگەى سوورى دەڵێت لە ٤٨ کاتژمێرى پێکدادانەکاندا تۆمار کراون.
بەڕێوەبەرى ڕووانگەى سوورى دەڵێت "کوشتن لەسەر بنەماى تائیفى شەرمەزارییە، ناکرێت لەبەر ئەوەى هەردوو سەرۆککۆمارى پێشوو بەشار و ئەسەدى باوکى عەلەوى بوون، عەلەوییەکان کۆمەڵکوژ بکرێن. خەڵکى عەلەوى هەیە لە زیندانەکانى ئەسەددا بووە، لە ڕووداوەکانى دوێنێدا کوژراوە"
لە دوو ڕۆژى ڕابردوودا پێکدادانى توندى چەکدارى لە ژمارەیەک ناوچەى لازقیە و تەرتووس لەنێوان لایەنگرانى ڕژێمى پێشووى سووریا و هێزە ئەمنی و سەربازییەکانى حکومەتى ئێستاى سووریا ڕووى دا.
ژمارەیەکى زۆر گرتەى ڤیدیۆیى کوشتن و مامەڵەى توندوتیژانەى هێزە ئەمنییەکان و هێزەکانى وەزارەتى بەرگریى سووریا لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، ئەوەش نیگەرانى و کاردانەوەى فراوانى بەدوادا هاتووە.
بەپێى ئامارى ڕووانگەى سوورى بۆ مافەکانى مرۆڤ، زیاتر لە "٢٠٠" چەکدار لە هەردوولا کوژراون، بە جۆرێک "١٢٠" چەکدارى پاشماوەى سپاى ڕژێمى پێشوو و "٩٣" ئەندامى هێزە ئەمنییەکان و سوپاى سووریا کوژراون.