تەیف سامی دەڵێت: مووچەی مانگی ١٢ی ٢٠٢٤ نێردراوە بۆ حکومەتی هەرێم

08-03-2025 02:37

پەرەگراف

لە نویترین زانیارییدا لەبارەی مووچەی مانگی ١٢ی ٢٠٢٤ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە تائێستا دابەش نەکراوە، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق دەڵێت، مووچەی ئەو مانگە خەرج کراوەو ڕادەستی حکومەتی هەرێم کراوە.

وەزیری دارایی عێراق لە وەڵامی نووسراوێکی پەرلەمانتار سۆران عومەر وادەڵێت کە سۆراخی مووچەی ئەو مانگەی کردووە.

حکومەتی هەرێم چەندینجار ڕەتی کردووەتەوە  مووچەی ئەو مانگەی بۆ نێردرابێت. هاوکات تا ئێستا کە زیاتر لە هەفتەیەک لە مانگی ٣ تێپەڕ بووە، مووچەی مانگی ٢ دابەش نەکراوە.

هاوکات وەزیری دارایی عێراق جەخت لە نووسراوێکی پێشتری دەکاتەوە کە ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کردووە دەربارەی مووچەو ئەوەهاتووە بەپەلە تۆماری تایبەت بە تەوتینی فەرمانبەران ڕەوانە بکرێت بەپێی ئەو ڕێکارانەی کە دادگای فیدراڵی دیاریکردووە.

پەرلەمانتار سۆران عومەر بە پەرەگرافی وت: جگە لەوە داوای داهاتی ناوخۆ دەکات و ڕازی نیە بەو ٥١ ملیار دینارەی کە بۆ مانگی ١ هەرێم وەک داهاتی ناوخۆ گەڕاندوویەتییەوە بۆ دارایی عێراق.

لەخاڵی کۆتایی نوسراوەکەیدا، وەزارەتی دارایی عێراق داوای داهاتی نەوت دەکات کە بخرێتەسەر هەژماری وەزارەتەکەیان.