پەرەگراف
یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا بە میدیای وڵاتەکەی ڕاگەیاند، دەبێت پارتی کرێکارانی کوردستان دەستبەجێ چەکەکانیان دابنێن و بڕیاری هەڵوەشانەوەی خۆیان بدەن، هەر کارێک پێچەوانەی ئەمەبێت بەهای نییە.
دەربارەی ئاگربەست کە پەکەکە تاکلایەنە ڕایگەیاندووە، گولەر دەڵێت، ئاگربەست لە ڕاگەیەندراوەکەی عەبدوڵا ئۆجەلاندا باس نەکراوەو هیچ شتێکی لەوجۆرە لەسەر مێزی گفتوگۆ نییە، "ڕێگە بە تێکدانی پڕۆسەکەش نادەین".
سەرباری ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن پەکەکەوە سوپای تورکیا بەردەوامە لە هێرشەکانی لە هەرێمی کوردستان، بەپێی ڕێکخراوی سی پی تی، لە ماوەی ٧ ڕۆژی دوای پەیامی ئاشتیی لەلایەن عەبدوڵا ئۆجەلان، تورکیا ١٤ جار هێرشی کردووەتەسەر گەریلاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان.
ڕۆژی ١ی ئەم مانگە، پەکەکە پابەندبوونی خۆی بە پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان ڕاگەیاند کە داوای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد، پەکەکە داوا دەکات زەمینەی جێبەجێکردنی پەیامەکە بڕەخسێت و ئۆجەلان ئازاد بکرێت تا سەرپەرشتی چەکدانان و کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوە بکات.