لە سلێمانی پڕۆژەی ڕووناکی چووەبواری جێبەجێکردن و کارەبای 24 کاتژمێریی بۆ 9 هەزار هاوبەش دابینکرا

07-03-2025 12:24

پەرەگراف

پڕۆژەی ڕووناکی لە سلێمانی چووە بواری جێبەجێ کردن و لە یەکەم قۆناغدا نزیکەی 9 هەزار هاوبەش کارەبای بەردەوامی بۆ دابینکرا.

بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی ڕایگەیاند، لەم قۆناغەدا نزیکەی ٩ هەزار هاوبەشی ماڵان و بازرگانی لەسەر ٨ فیدەر کارەبای بەردەوامیان بۆ دابینکرا، کە دەکەونە گەڕەکەکانی سەرکارێز، توی مەلیک، سابونکەران، مەڵکەندی، ئیبراهیم پاشا، دارۆغا، حاجی حان، شەقامی ئۆرزدی و ئەسحابەسی و شەقامی کاوە.

پرۆژەی رووناکی لە سليمانی بەردەوام دەبێت و لە ئایندەیەکی نزیکدا قۆناغەکانی دیکەی لە گەڕەکەکانی دیکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

پڕۆژەی ڕووناکی پڕۆژەیەکی حکومەتی هەرێمە بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێریی، بەپێی پلانی حکومەت تا کۆتایی ساڵی 2026 کارەبا لە سەرتاسەری کوردستان دەبێتە 24 کاتژمێر.

پڕۆژەکە مانگی 10ی 2024 لە هەولێر لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕاگەیەندراو بە دابینکردنی کارەبای بەردەوام بۆ ژمارەیەک گەڕەکی هەولێر دەستی پێکرد.

ڕەخنەگرانی پڕۆژەکە باسلە زیادبوونی نرخی کارەبا دەکەن بەپێی پڕۆژەی ڕووناکی، عومەر گوڵپی پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان دەڵێت: پارەی کارەبا شەش هێندە زیاد دەکات و پێیوایە "پڕۆژەکە بگاتە هەر ماڵێک دەیکات بە کرێچی".