زیاتر لە 70 کەس لە پێکدادانەکانی سووریا کوژراون؛ خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستان هەڵوێستی ڕاگەیاند

07-03-2025 08:26

پەرەگراف

کوژانی "زیاتر لە 70 کەس" لە پێکدادانە ناوخۆییەکانی کەمتر لە 24 کاتژمێری ڕابردووی سووریادا ڕاگەیەندرا. خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستانیش داوای دانبەخۆداگرتن و ڕاگرتنی گرژییەکان دەکات و هۆکاری سەرهەڵدانیشی دەخاتە ئەستۆی ئیدارەی نوێی دیمەشق کە "خوێندنەوەی هەڵە"ی بۆ واقیعی سووریا هەبووە.

لە دوێنێوە پێکدادانی توندی چەکداری لە سنووری پارێزگای لازقیە سەری هەڵداوە. ئیدارەی دیمەشق هێزی زۆری ڕەوانەی ناوچەکە کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە.

ڕووانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند "زیاتر لە 70 کەس کوژراون و دەیانی دیکە بریندار بوون و بەدیل گیراون، لەو ڕووبەڕووبوونەوانەی لە دەوروبەری لازقیە سەریان هەڵداوە"

بەپێی ڕووانگەی سووری، پێکدادانەکان لەنێوان "هێزە ئەمنییەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و هێزەکانی وەزارەتی بەرگریی سووریا لەگەڵ چەکدارانی سەر بە سوپای ڕژێمی پێشوو"دایە.

هاوکات خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاوای کوردستان) لە ڕاگەیەندراوێکدا هەڵوێستی لەبارەی پێشهاتەکەوە ڕاگەیاند و دەڵێت "سەرهەڵدانی بارگرژی لە کەناراوەکانی سووریا، دەرئەنجامی خوێندنەوەی هەڵەیە بۆ واقیعی سووریا لەلایەن دیمەشقەوە".

خۆبەڕێوەبەرییەکە داوای "دانبەخۆداگرتن و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ" لە لایەنەکانی شەڕەکە دەکات و جەخت دەکاتەوە کە "بەردەوامبوونی توندووتیژییەکان تەنیا خزمەت بە دوژمنانی سووریا دەکات".

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "ئێمە چەندین جار جەختمان لەوە کردووەتەوە کە سووریا پێویستی بە گفتوگۆی نیشتمانیی ڕاستەقینە هەیە، بۆ تاوتوێی ڕێگای گەیشتن بە کەناری ئارامی و چارەسەری ناکۆکی و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هێزە سوورییەکان".

"جارێکی دیکە داوای ڕاگرتنی گرژییەکان و پەنابردن بۆ گفتوگۆ دەکەین. داوا لە گەلی سووریا دەکەین شوێن کەسانێک نەکەون کە هەوڵی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لە نیشتمانەکەماندا دەدەن، چونکە هەموومان زیانمەند دەبین و دوژمنەکانمان دۆخەکە دەقۆزنەوە بۆ بەدیهێنانی مەرامەکانی خۆیان"، خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وا دەڵێت.

نوێ دەکرێتەوە...