عێراق چاوی لە زیادکردنی هەناردەی نەوتی بەسرەیە لە ڕێی بۆریی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا

06-03-2025 12:15

پەرەگراف

وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، بەم زووانە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەستپێدەکاتەوە، دەشڵێت "ئەگەری زیادکردنی نەوتیش لە نەوتی بەسرە لە رێگەی ئەم بۆرییەوە هەیە".

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەو وتانەی حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی کارەکانی لیژنەی هاوبەشی عێراقی-تورکی بووە کە ئەندامانی لیژنەکە لە وەزارەتەکانی عێراق ئامادەی بوون.

لەلایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ جارێکی دیکە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیاکانی نەوت کۆدەبنەوە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، ئەوە دووەم کۆبوونەوەی سێ قۆڵییە لەماوەی ئەم هەفتەیەدا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە حکومەتی هەرێم بە پەرەگرافی وت "ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەکە لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنی نەوتی کوردستانە، هەرسێ لایەنیش دەیانەوێت ئەمڕۆ بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بە زووترین کات".

ئەوە لەکاتێکدایە ٢ی ئەم مانگە کۆبوونەوەی نێوان هەولێرو بەغداو کۆمپانیا نەوتییەکان کە چارەنووسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی پێوەبەندبوو "شکستی هێنا".

ئەوکات سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی هەرێم بە پەرەگرافی وت "بەربەستی سەرەکی شایستەی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکانە، کۆمپانیاکان داوای قەرزەکانی ڕابردوویان دەکەن کە لەسەر هەرێمی کوردستانەو یەک ملیار دۆلارە، لەگەڵ ئەنجامدانی ڕێککەوتنێک کە گرەنتی پێدانی شایستە داراییەکانیان بکات لەمەودوا".

بەوتەی سەرچاوەکەی پەرەگراف، بەغداد ئامادە نییە بچێتەژێرباری پێدانەوەی پارەی شاستەی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان کە وەک قەرز لەسەر هەرێمی کوردستانە، بەوهۆیەوە ڕێککەوتن نەکرا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، "هەرچەندە بەغداد لەژێر فشاری ئەمەریکادا جەخت لە زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەکاتەوە".

ڕۆژی 28-02-2025 حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، لە چەند ‏كاتژمێری داهاتوودا وادەی دەستپێكردنەوەی ‏هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی ‏كۆمپانیای سۆمۆوە بۆ بەندەری جەیهانی توركی ‏ڕادەگەیەنن، بەڵام هێشتا ئەو وادەیە ڕانەگەیەندراوە بەهۆی چارەسەر نەکردنی پارەی شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان.

وەزیری نەوتی عێراق وتیشی، هەناردەی ‏نەوتی هەرێم بە 185 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە دەست ‏پێ‌ دەكات و پلە بە پلە زیاد دەكرێت تا دەگاتە بڕی ‏دیاریكراو لە بودجەی گشتی. ئێستا هەرێمی کوردستان ڕۆژانە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، ئەوەی دەمێنێتەوە لە هەناردەکردنەکەی دەرەوە بۆ پێداویستی ناوخۆی بەکاردێت.

بەپێی یاسای بودجەی گشتیی عێراق، دەبێت هەرێمی كوردستان ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بكات، بەمەبەستی هەناردەكردنی بۆ دەرەوە.

ڕۆژی 02-02-2025، پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای بودجەی پەسەند کردو گۆڕانکاری لە بڕگەی تایبەت بە نەوتی هەرێم کرا، بەپێی بڕگە هەموارکراوەکە، لیژنەیەکی تایبەتمەند پێک دەهێنرێت بۆ هەڵسەنگاندنی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان و نەوتەکە لەڕێی کۆمپانیای سۆمۆی عێراق دەفرۆشرێت و داهاتەکەی دەچێتە خەزێنەی فیدراڵ، لە بەرامبەردا بەغداد مووچەو بودجە بۆ هەرێم دەنێرێت.

هەر بەپێی یاسای نوێی بودجە، بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی یەک بەرمیل نەوت 16 دۆلار بە هەرێم دەدرێت تا ئەوکاتەی کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی تایبەتمەند تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم دیاری دەکات، ئەوەش بە ڕێککەوتنێکی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق و کۆمپانیا نەوتییەکان بوو.

هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان، لە 25-03-2023ـەوە ڕاگیراوە، ئەوەش پاش بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس لە بەرژەوەندیی سکاڵایەکی وەزارەتی نەوتی عێراق دژی تورکیا.