هەوڵەكەی وەهاب هەڵەبجەیی بۆ دەربازبوون لە سزاكەی دادگای هەولێر شكستی هێنا

05-03-2025 03:14

پەرەگراف

هەوڵەكەی وەهاب هەڵەبجەیی بۆ دەربازبوون لەو سزای لەسێدارەدانەی كە دادگای هەولێر لە كەیسی هاوكار جارف بەسەریدا سەپاندووە، شكستی هێنا و دادگای فیدراڵی سكاڵاكەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ڕەت كردەوە.

پاش زیاتر لە یەك ساڵ و سێ‌ مانگ لە یەكەم دانیشتنی كەیسەكە، دادگای فیدراڵی دوای چەند جار دواخستن ئەمڕۆ سكاڵاكەی ڕەت كردەوە و دەڵێت "تۆماركردنی سكاڵاكە بەو شێوازەی هاتووە، لە تایبەتمەندیی دادگای فیدراڵی نییە".

پێشتر بەهار مەحموود، یاساناس و ئەندامى لیژنەى یاسایى خولى پێشووى پەرلەمانى عێراق، بە پەرەگرافى وت "ئەستەمە دادگای فیدراڵی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یاساى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر بدات و بڕیارێكی لەو شێوەیە فەوزای بەدواوەیە". وتیشى "كەسانێكی زۆر بەو یاسایە سزا دراون، ئەگەر یاساكە هەڵبوەشێتەوە، دەبێت ئازاد بكرێن، جگە لەوەش، ئەی چۆن قەرەبووی ئەو چەند ساڵ زیندانیكردنە دەكرێنەوە؟!".

سكاڵاكەی وەهاب هەڵەبجەیی، فەرماندەی هێزەكانی دژەتیرۆری یەكێتی، لەسەر سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان تۆمار كرابوو. تێیدا داواى کردبوو کارپێکردن بە یاسای ژمارە ٣ـی ساڵی ٢٠٠٦ـی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هەڵبوەشێتەوە، چونكە وەكوو ئەو دەڵێت "نادەستوورییە".

هەروەها وەهاب هەڵەبجەیی لە سكاڵاكەدا داواى کردبوو هەر بڕیارێك لە دادگاكانی هەولێر كە لەسەر بنەمای ئەو یاسایە لە دژی ئەو دەركراوە، هەڵبوەشێتەوە و كاری پێ نەكرێت.

یەکەم دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەسەر سکاڵاکە لە ٢٩-١٠-٢٠٢٣ بەرێوەچوو، پاشان دانیشتنى بڕیاردان لەبارەى سکاڵاکەوە چەند جارێک دواخرا.

یاسای ژمارە ٣ـی ساڵی ٢٠٠٦ـی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٨ و بە یاسای ژمارە حەوت، لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە كارپێكردنی بۆ ماوەیەكی دیارینەكراو درێژ كرایەوە. ئەوەش لە كاتێكدا بوو كە پەرلەمان ماوەی یاسایی كاركردنی بەسەر چووبوو و ماوەكەی بۆ درێژ كرابووەوە.

وەهاب هەڵەبجەیی لەو سكاڵایەدا كە تۆماری كردبوو، دەیویست دادگای فیدراڵی درێژكردنەوەی كارپێكردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە نادەستووری دابنێت، بەوپێیەی لە كاتێكدا دەركراوە كە پەرلەمان ماوەی یاسای تەواو بووە، هەروەكوو چۆن دادگای فیدراڵی درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانی بە نادەستووری دانا و هەر یاسا و بڕیارێكی پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە كە لەو ماوەیەدا دەركرابێت.

ڕۆژى ٠٤-١٢-٢٠٢٣ و یەک ڕۆژ بەر لە وادەى سێیەم دانیشتنى دادگا لەبارەى سکاڵاکەوە، بەهار مەحموود، یاساناس و ئەندامی پێشووی هەردوو پەرلەمانی كوردستان و عێراق، بۆ پەرەگراف وتى "پێشبینی ناكەم دادگای فیدراڵی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەربكات، چونكە لەو حاڵەتەدا تەنیا ئەو یاسا هەڵناوەشێتەوە، كۆمەڵێك شتی دیكەش هەڵدەوەشێنەوە".

بەهار مەحموود زیاتر ڕوونی كردەوە و وتی "هەر یاسایەكی دیكەش لەو ماوەیەدا دەركرابێت، هەڵدەوەشێتەوە، هەندێك مافی خەڵك كە بەو یاسایانە چەسپاون، دەبێت هەڵبوەشێنەوە، ئەوەش قورسە".

ئەو یاساناسە بۆ پەرەگراف ئاماژەی بەوە كرد كە هەرچەندە لە ڕووی یاساییەوە بابەتی تێپەڕینی كات كێشە بۆ سكاڵاكە دروست ناكات، بەڵام پێیشی وایە پرسی درێژكركردنەوەی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان كاتی زۆر بەسەردا تێپەڕیوە، پێچەوانەى پرسى درێژکردنەوەى تەمەنى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان کە زوو سکاڵاى لە دژ تۆمار کرا، هەر بۆیە جەخت دەكاتەوە "مومكین نییە" ئەمجارە دادگا بڕیار لە بەرژەوەندیی سكاڵاكار دەربكات بەهۆى ئەو لێکەوتانەى کە دەیبێت.

هاوكار جاف، ئەفسەری دەزگای زانیاریی یەكێتی و نزیك لە لاهوور شێخ جەنگی بوو، ٧ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٢ بە بۆمبی لكێندراو ئۆتۆمبێلەكەی لە هەولێر تەقێندرایەوە و خۆی كوژرا، ژن و كچ و خوشكێكیشی بریندار بوون.

دوای پێنج ڕۆژ لە ڕووداوەكە، ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان ئەنجامی لێكۆڵینەوەی ئاشكرا كرد و گرووپێكی "دژەتیرۆری یەكێتی"ـی بە ئەنجامدەری ھێرشەكە لەقەڵەم دا و ناسنامەیانی ئاشكرا كرد.

ئەنجومەنی ئاسایش وتی "ئەو کارە تیرۆریستییە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی وەھاب ھەڵەبجەیی بەرپرسی دژەتیرۆری سلێمانی و کارزان محەمەد بەرپرسی ھەواڵگریی دژەتیرۆری سلێمانی" بووە و "تیمێکی ١٠ کەسی بوون كە بەرپرسی وێستگەی دژەتیرۆری سلێمانی لە ھەولێر سەرپەرشتیی کردوون". دەستگیرکردنی ٦ تۆمەتباریشی ڕاگەیاند.

دواتر دژەتیرۆری یەكێتی تۆمەتباركردنی بەرپرسانی دەزگاكەی بە كوشتنی عەقید هاوكار جاف ڕەت كردەوە و ڕایگەیاند "تەواوی ئەو ڕووداوە بە پیلانی پاراستن و تیمێكی دیاریكراو جێبەجێ كراوە".

لە ڕۆژى ٠٤-٠٦-٢٠٢٢، دادگای هەولێر لە دۆسیەی هاوكار جاف، سزای لەسێدارەدانی بەسەر وەهاب هەڵەبجەیی، فەرماندەی دژەتیرۆری یەكێتی و شەش بەرپرسی دیكەی دەزگاكەدا سەپاند. دواتریش دادگای پێداچوونەوەی هەرێم ڕەتی كردەوە لەسەر داوای پارێزەرانی وەهاب هەڵەبجەیی پێداچوونەوە بە كەیسەكەدا بكات، بە پاساوی ئەوەی تۆمەتبارەكان خۆیان ڕادەستی دادگا نەكردووە.