وردەكاریی دۆسیەی بردنی پارەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ لەلایەن كارمەندێكەوە

04-03-2025 01:50

پەرەگراف

كارمەندێكی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی نزیكەی 150 ملیۆن دیناری بەڕێوەبەرایەتییەكەی بردووە و لە ڕێگەی ژمارەیەك كارتی بانكییەوە "مامەڵەی دۆلاری 132 هەزاریی" پێوە كردووە. ئەو كارمەندە لە وڵاتی ئوردنە و هێشتا دەستگیركردنی بە تەواوی پشتڕاست نەكراوەتەوە. پەرەگراف لە زاری بەڕێوەبەری هاتووچۆوە وردەكاریی چیرۆكی ڕووداوەكە دەخاتە ڕوو.

عەمید ئاسۆ محەمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی، لە لێدوانێكدا بە پەرەگرافی وت "كارمەندەكە ژمێریار بووە و بە دیاریكرداوی نازانین بڕی پارەكە چەندە كە بردوویەتی، چونكە ئەمە پارەی وەسڵە و نازانین ئەو كارمەندە ئەو ڕۆژە چەند وەسڵی بڕیوە، بەڵام دەوروبەری 150 ملیۆن دینارە و ڕەنگە هی دووسێ ڕۆژیش بووبێت".

وەكوو ناوبراو ڕوونی كردەوە، ئەو كارمەندە "كۆمەڵێك كارتی بانكیی تی بی ئای، ئێف ئای بی، كی كارد و لەو بابەتەی پێ‌ بووە، پارەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی خستووەتە سەر ئەو كارتانە و لە ئوردن بە دۆلار ڕایكێشاوەتەوە".

عەمید ئاسۆ ئاماژەی بەوە كرد، ئەو كارمەندە "پێناچێت ئیشی یەكەمجاری بێت، ڕەنگە جاری دیكەیش ئەو كارەی كردبێت. بە جۆرێك كە پارەی لە خەزێنەی هاتووچۆ دەرهێناوە، پاشان بە بڕی پێنج ملیۆن دینار خستوویەتیە سەر كارتی بانكی و لە ئوردن هەر 100 دۆلارێكی بە 132 هەزار دینار ڕاكێشاوەتەوە، دواتر ئەو دۆلارانەی هێناوەتەوە كوردستان و بە 150 هەزار دینار فرۆشتوویەتیەوە".

بەڕێوەبەری هاتووچۆ گومانی ئەوەی هەیە كە جاری دیكەش ئەو كارمەندە پارەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی بۆ ئەو "دەورانی ئاڵوگۆڕی دراوە" بەكار هێناوە و قازانجەكەی بۆ خۆی هەڵگرتووە، بەڵام لەبەر ئەوەی پارەكەی خستووەتەوە شوێنی خۆی، ئاشكرا نەبووە.

بەڕێوەبەرایەتیی هاتچووچۆی سلێمانی لە ڕێگەی دەزگا ئەمنی و پەیوەندیدارەكانەوە ماوەی "هەفتەیەك"ـە بەدوای دۆسیەكەوەیە. بەڕێوەبەری هاتووچۆ دەڵێت "ئەو پارەی كارمەندەكە بردوویەتی، هەمووی لە كارتدایە و هەموو كارتەكانمان سووتاندووە، بۆیە باوەڕ ناكەم هیچ پارەیەكمان بفەوتێت".

سەبارەت بە دەنگۆی دەستگیركردنی كارمەندەكە لە ئوردن، عەمید ئاسۆ محەمەد بۆ پەرەگراف دەڵێت "زانیاریی دەستگیركردنی هەیە، بەڵام هێشتا بە تەواوی دڵنیا نیین".

بەپێی ڕێكارەكانی بانكی ناوەندیی عێراقی، هەر هاووڵاتییەك دەتوانێت مانگانە بڕێك پارەی دیاریكراو لە دەرەوە بە دۆلار ڕابكێشێت، كە هەر 100 دۆلارێكیان بە 132 هەزار دینار بۆ دەشكێنرێتەوە كە نرخی بانكی ناوەندییە.

ئەم ڕێكارە بانكییە كە بۆ بارزگانی و كڕینی كاڵایە لە دەرەوە، بەڵام هەندێك كەس بە بەكارهێنانی كارتی بانكیی كەسانی دیكە مامەڵەی ئاڵوگۆڕی دراو بەم پاریەوە دەكەن، بە جۆرێك دیناری عێراقی دەكەنە كارتی دەیان و سەدان كەس و كارتەكان دەبەنە وڵاتانی دەوروبەر لەوێ‌ دۆلاری 132 هەزار دیناری ڕادەكێشن، دواتر دۆلارەكە لە هەرێمی كوردستان بە دەوروبەری 150 هەزار دینار دەفرۆشنەوە، كە بۆ هەر 100 دۆلارێك لە نێوان 15 بۆ 20 هەزار دینار قازانج دەكەن.