سەرۆکی لیژنەی گواستنەوەو گەیاندن: کۆڕەک ٢ ترلیۆن دینار قەرزدارەو پێشنیاری کردووە بە قیست بیداتەوە
پەرەگراف
سەرۆکی لیژنەی گواستنەوەو گەیاندنی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایدەکات کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم ٢ ترلیۆن دینار قەرزداری دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراقە لە کرێی مۆڵەت و قەرزی نەدراوەو پێویستە بیداتەوە.
زەهرا ئەلبجاری سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمان، بۆ میدیای فەرمی عێراق ئەوەی خستەڕوو، کۆمپانیای کۆرەک پابەندە بە پێدانی کرێی مۆڵەتدان و قەرزە کەڵەکەبووەکان.
"کۆمپانیاکە داوای کردووە بڕی قەرزەکە بە قیست لە ماوەی ٨ ساڵدا بدات"، سەرۆکی لیژنەی گواستنەوەو گەیاندن وادەڵێت، دەشڵێت: دانەوەی قەرزەکان بە قیست پێویستی بە گەرەنتی لەلایەن کۆمپانیاکەوە هەیە.
ئەوە لەکاتێکدایە پچڕانی پەیوەندییەکانی نێوان کۆمپانیاکانی پەیوەندییەکان و کۆمپانیای کۆڕەک بەردەوامە.
مانگی ڕابردوویش هێڵی ئینتەرنێتی کۆڕەک تیلیکۆم ڕاگیرا، کۆمپانیاى کۆڕەک تیلیکۆم ڕاگرتنى خزمەتگوزاریى ئینتەرنێتى "ملیۆنان" بەشداربووى کۆمپانیاکەى بە "پێشهاتێکى مەترسیدار کە عێراق بەخۆیەوە نەبینیوە" ناو برد و وتی "هەنگاوێکە کە گوشارى سیاسیى پێوە دیارە و ئامانج لێى دوورخستنەوەى کۆمپانیاکەمانە بە قازانجى لایەنێکى دیکە".