پەرەگراف
لیوایەکی پێشمەرگە لە شنگال کۆتایی بە ئەرکەکانی لە هەرێمی کوردستان هێناو جیابوونەوەیان لە دەسەڵاتی هەرێم ڕاگەیاند، داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن بگوازرێنەوە سەر حکومەتی فیدراڵی.
لیوای چواری شنگال کە سەربە وەزارەتی پێشمەرگەن، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغداد ڕایگەیاند، ژمارەیان زیاتر لە 1200 ئەفسەر و پێشمەرگەیە، ماف و شایستەکانیان لە هەرێمی کوردستان پێشێل دەکرێت و پاش ئەوەى پلەى ئەفسەرەکانیان بەرزکراوەتەوە دواتر لێیان وەرگیراوەتە.
"لە لیواى چوارى پێشووى شنگالى تایبەت بە پێکهاتەى ئێزدى سەربە هێزەکانى پێشمەرگە بۆ محەمەد شیاع سودانى فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکان، ئێمە لە لیواى چوارى پێشمەرگە رایدەگەیەنین، کە ستەممان لێکراوە و مافەکانمان زەوتکراوە، وەک چۆن رۆڵەکانى پێکهاتەکەمان لە ماوەى 10 ساڵى رابردوو رووبەرووى ستەم بوونەتەوە" لیواکە لە ڕاگەیەندراوێکدا وادەڵێت کە بۆ میدیاکان خوێندیانەوە.
ڕاگەیەندراوەکە دەشڵێت "ئێمە بڕیارمانداوە دەستبەردارى ئەرکە سەربازییەکانمان لە سنوورى هەرێمى کوردستان بین، دەستلەکاردەکێشینەوە لە هەردوو کایەى حیزبى و سەربازى بەهۆى ئەو سیاسەتەى بەرامبەرمان پەیڕەو دەکرێت، داوا لە سەرۆکوەزیرانى عێراق دەکەین بگوازرێینەوە سەر دامودەزگا ئەمنییە فیدراڵییەکان".
هێشتا وەزارەتی پێشمەرگە هیچ لێدوان و کاردانەوەیەکی لەبارەی هەڵوێستی ئەم لیوایە پیشان نەداوە.