پەرەگراف
كۆمپانیا بیانییەكانی بەرهەمهێنانی نەوت ڕەتی دەكەنەوە كە ئامادە بن ئەمڕۆ هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەست پێ بكەنەوە و ڕایدەگەیەنن "هیچ ڕێككەوتنێكمان لەگەڵدا نەدراوە" كە گەرەنتیی پێدان و پاراستنی مافەكانیان بكات بەپێی ئەو گرێبەستانەی هەیانە.
كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان (ئەپیكور) كە لە كۆمپانیا بیانییەكانی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم پێك دێت، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێكس دەڵێت "وەكوو هەمیشە ڕامان گەیاندووە، ئامادەین بۆ دەستبەجێ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت"، بەڵام بە مەرجی "دەستبەجێ ئەنجامدانی ڕێككەوتنی فەرمی بۆ دڵنیاییدان لە پێدانی پارەی ڕابردوو و داهاتوومان".
ئەپیكور ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستا هیچ پەیوەندییەك بە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوتەوە نەكراوە بۆ ڕێككەوتن لەسەر پێدانی مافە داراییەكانیان.
"كۆمپانیاكانی ئەندام لە ئەپیكور هیچ ڕێككەوتنێكیان نەكردووە كە ببێتە هۆی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لەمڕۆدا، بەپێی ئەو گرێبەستانەی كە لە ئێستادا هەیانە"، ئەپیكور وا دەڵێت.
ئەم ڕاگەیەندراوەی ئەپیكور لە وەڵامی لێدوانێكی وەزیری نەوتی عێراقدا هات كە بەیانیی ئەمڕۆ هەینی 28-02-2025 ڕایگەیاند "لە چەند كاتژمێری داهاتوودا وادەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە بۆ بەندەری جەیهانی توركی ڕادەگەیەنین".
وەزیری نەوتی عێراق لە كاتی سەردانكردنی بەندەری خور زوبەیر لە بەسرە، وتیشی "هەناردەی نەوتی هەرێم بە 185 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە دەست پێ دەكات و پلە بە پلە زیاد دەكرێت تا دەگاتە بڕی دیاریكراو لە بودجەی گشتی".
بەپێی یاسای بودجەی گشتیی عێراق، دەبێت هەرێمی كوردستان ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی كۆمپانیانی بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بكات، بەمەبەستی هەناردەكردنی بۆ دەرەوە، یان ساغكردنەوەی لە بازاڕەكانی ناوخۆ.