ئەمریكا 500 هەزار دۆلار بۆ نۆژەنكردنەوەی پەرستگای لالش تەرخان دەكات

22-10-2020 11:51
ڕاگەیاندنی كۆمەكە داراییەكەی ئەمریكا لەلایەن ڕۆب واڵەر لە لالش

پەرەگراف

ئەمریكا كۆمەكی دارایی بە بەهای 500 هەزار دۆلار ڕاگەیاند بۆ نۆژەنكردنەوەی پەرستگای لالش كە پیرۆزترین پەرستگای ئێزدییەكانە.

ڕاگەیاندنی ئەو كۆمەكە داراییە لە میانی سەردانی ڕۆب واڵەر كونسوڵی گشتی ئەمریكادا هات بۆ لالش لە ڕۆژی چوارشەممەدا.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی كونسوڵخانەی ئەمریكا كە وێنەیەكی بۆ پەرەگراف نێردراوە، كونسوڵی گشتی لە سەردانەكەیدا وتی "كۆمەكەكە دەرخەری پابەندی بەردەوامی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە بۆ یارمەتیدانی پێكهاتە ئاینی و ئیتنیەكانی عێراق لەپێناو ساڕێژبوونی زامەكان و بوژاندنەوەی كۆمەڵگاكانیان دوای ئەوەی داعش تاوانی جینۆسایدی دەرهەق ئەنجامدان".

هەر لە سەردانەكەیدا بۆ لالش، كونسوڵی گشتی ئەمریكا لەگەڵ كەریم سلێمان ڕاوێژكاری میری ئێزدیان كۆبووەوە، گفتوگۆی دوا پەرەسەندنەكانی تایبەت بەكۆمەڵگای ئێزدییان كرد، لەوانەش ڕێككەوتنی ئەمدواییەی تایبەت بە شەنگال لە نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم بەمەبەستی پشتیوانیكردنی گەڕانەوەی سەلامەت و خۆ ویستانەو دوورمەودای ئاوارەكان.

ڕۆب واڵەر گەڕانێكی بەناو پەرستگاكەدا كرد بۆ بینینی بەرەوپێشچوونەكانی كاری نۆژەنكردنەوە، كە لە ساڵی ٢٠١٨وە بە پشتیوانی كۆمەكێكی دارایی پێشووتری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەستی پێكرابوو.

بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی كونسوڵخانەی ئەمریكا، لەسەرەتای داگیركاریی داعش لە عێراق لە ساڵی ٢٠١٤، ئەمریكا زیاتر لە ٤٧٠ ملیۆن دۆلاری لە شێوەی كۆمەكی مرۆیی بۆ ئێزدی و پێكھاتەكانی تر تەرخانكردووە.

"كۆمەكەكانی ئەمەریكا بوونەتە مایەی گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەكیەكان و نۆژەنكردنەوەی ژێرخانە گرنگەكان و دەرفەتی كاریان زیاتر كردو پشتیوانی كارو بازرگانی خۆجێییان كرد، هەروەها بوونە مایەی وەگەڕخستنی كاراكتەرە لۆكاڵی و نیشتمانیەكان بۆ بەرگرتن لە كارەساتی دڕندانەی هاوشێوە لە داهاتوودا. لەوە زیاتر، كۆمەكەكانی ئەمەریكا ڕاهێنانی پزیشكیان فەراهەم كرد كە بوونە هۆی ئەوەی ئێزدیەكان بتوانن لەو نۆڕینگە تەندروستیانەدا كار بكەن كە ستافیان كەمەو بوونە مایەی دابینكردنی خزمەتگوزاری زیاتری سایكۆلۆجی و عەقڵی بۆ ئەو ئێزدیانەی دەربازبووی جینۆساید و ژێردەستەیی داعش بوون، هەروەها بوونە مایەی پێشكەشكردنی پشتیوانی یاسایی بۆ بەڵگە كۆكردنەوەو بابەتی خاوەندارێتی و ئەوانەی ویستی دادگایی كردنی ئەنجامدەرانی داعشیان هەیە".

ئەمریكا هەروەها كۆمەكی دارایی بۆ نۆژەنكردنەوەی شوێنەواری تری ئاینی و مێژوویی تایبەت بە پێكهاتەكان تەرخان دەكات، لەوانەش دێڕی مار گۆرجس و مەزاری نەبی ناحوم و دەروازەی ئامێدی.