شاندنی دەمپارتی دەگەڕێتەوە ئیمراڵی؛ وادەى بانگەوازەکەى ئۆجەلان نزیکە و پەکەکە مەرجى هەیە

26-02-2025 03:23

پەرەگراف

شاندنی دەمپارتی بۆ درێژەدان بە هەوڵەكانی ئاشتی بۆ سێیەم جار دەگەڕێتەوە ئیمراڵی و لەگەڵ ڕێبەری پەكەكە كۆدەبێتەوە. وادەی بانگەوازەكەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ ئاشتی نزیكە. كەجەكە بۆ دڵنیابوون لە ڕاستی و جیدیەتی پرۆسەكە ڕایدەگەیەنێت "دەبێت بانگەوازەكەی ڕێبەر ئاپۆ ڤیدیۆیی بێت، لە زمانی خۆیەوە ببیستین و ببینین. تەنیا ئەو كاتە جێگەی باوەڕ و متمانە دەبێت".

ئایشەگوڵ دۆغان، هاووتەبێژی دەمپارتی، ڕایگەیاند كە بە مەبەستی ئەنجامدانی دیداری سێیەم لەگەڵ ئۆجەلان، شاندی ئیمرالی داواكاریی پێشكەش بە وەزارەتی دادی توركیا كرد.

چاوەڕوان دەكرێت وەزارەتی دادی توركیا مۆڵەتی بینینی ئۆجەلان لە نزیكترین كاتدا بە شاندی ئیمراڵی بدات. دیداری ئەمجارە چارەنووسسازە و بانگەوازە چاوەڕوانكراوەكەی ڕێبەری پەكەكەی بۆ ئاشتی بەدوادا دێت.

شاندى دەمپارتى دوایین بۆچوونەکانى دەوڵەت و لایەنەکانى تورکیا دەباتەوە بۆ ئۆجەلان. هاوکات بۆچوونى لایەنەکانى هەرێمى کوردستان بەتایبەت یەکێتى و پارتى بە ڕێبەرى زیندانیکراوى پەکەکە دەگەیەنێت، پاش ئەوەى لە ماوەى ڕابردوو شاندەکە سەردانى هەرێمى کوردستانى کرد و زنجیرەیەک کۆبوونەوەى ئەنجام دا.

بەسێ هۆزات، هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەری كەجەكە باڵی سەربازیی پەكەكە، ڕایگەیاند "دەبێت بانگەوازەكەی ڕێبەر ئاپۆ ڤیدیۆیی بێت، لە زمانی خۆیەوە ببیستین و ببینین، تەنیا ئەو كاتە جێگەی باوەڕ و متمانە دەبێت".

بەسێ هۆزات دەڵێت "وەزیری دادى تورکیا دەڵێت: 'نابێت لێدوانێكی ڤیدیۆیی بدرێت، لەبەر ئەوەی یاسایى نییە'. ئەمەش ئەوە دەردەخات كە ئەوان جیدی نین و بەشێوەیەكی ناجیدی نزیكی پرۆسەكە دەبنەوە. ئێمە بە توندی ئەم ڕێبازە ڕەت دەكەینەوە و ڕەخنەی لێ دەگرین و بە هیچ شێوەیەك قبووڵی ناكەین".

پێشتر، جەمیل بایك، هاوسەرۆكی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ئاشکرای کرد کە نامەیەکى ئۆجەلانیان بەدەست گەیشتووە. بایک ڕایگەیاند "ئۆجەلان دەیەوێت ئەو هەنگاوەی پێشتر دەستی پێ کردووە، ئێستا بە ئامانجێکی گەورەترى بیگەیەنێت، بە ڕێگایەکی دیموکراسییانە کێشەی کورد لە زەمینەی شەڕەوە بخاتە سەر زەمینەیەکی سیاسی و یاسایی".

گفتوگۆکانی پڕۆسەی نوێی ئاشتیی لە تورکیا لە نێوان حکومەت و لایەنە سیاسییەکان و عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکە بەردەوامن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی 40 ساڵەی نێوان تورکیاو پەکەکە، سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن ڕێککەوتن نزیکە و عەبدوڵا ئۆجەلان بڕیاری چەکدانانی پەکەکە دەدات.

پەرلەمانتارانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەمپارتی) ڕۆژی 22-1-2025 بۆ جاری دووەم لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبوونەوەو وەڵامی لایەنەکانی تورکیایان گەیاندە ناوبراو لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی، شاندی دەم پارتی لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی، کارکردنی ئۆجەلان لەسەر پڕۆسەکە بەردەوامە.

دانوستاندنەکانی تورکیا و پەکەکە لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردووەوە دەستی پێکردووە، ژمارەیەک سەرچاوەی ئاگادار لە دانوستانەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان و عەبدوڵا ئۆجەلان، بە ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆری ئەمەریکییان گوتووە، هێڵە گشتییەکانی ڕێککەوتنێک کە تێیدا ئۆجەلان داوا لە شوێنکەوتوانی دەکات چەک دابنێن نزیکە لەوەی واژۆ بکرێت.

لە بەرامبەردا تورکیا کۆتایی دەهێنێت بە زیندانیکردن و گۆشەگیری ئۆجەلان، چەندین سیاسەتمەداری دیکەی کوردیش کە زیندانیکراون ئازاد دەکات لە نێویاندا سەڵاحەدین دەمیرتاش، هەروەها دژایەتی خۆی بۆ ئۆتۆنۆمی کورد لە سوریا کۆتایی پێدەهێنێت.

ڕۆژى 28-12-2024، شاندى دەمپارتى کە لە پەروین بوڵدان و سرى سورەیا ئۆندەر پێکهاتبوو، سەردانى عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەرى زیندانیکراوى پەکەکەیان لە زیندانى ئیمراڵى کرد، ئەوەش لە چوارچێوەى هەوڵەکانى دەستپێکردنەوەى پرۆسەى ئاشتى لە تورکیا و چارەسەرى کێشەى کورد.

ڕۆژى دواتر شاندی دەمپارتی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئاشكرا کرد. ئۆجەلان ئامادەیی بۆ بانگەوازكردن بۆ ئاشتی ڕاگەیاند، بە مەرجی ئەوەی "سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی توركیا دەستپێشخەری بكەن و هەڵوێستی ئەرێنییان هەبێت". جەختیش دەكاتەوە كە "یەكێك لە گرنگترین مەیدانەكانی ئەم بەشدارییە، پەرلەمانی توركیا دەبێت".

ئۆجەلان سەبارەت بە بەهێزكردنەوەی برایەتیی تورك و كورد، دەڵێت "وێڕای ئەوەی بەرپرسیارێتییەكی مێژووییە، گرنگە و بووەتە پێویستییەكی چارەنووسساز بۆ هەموو گەلان".

بە بۆچوونی ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە، "ڕووداوەكانی غەززە و سووریا، دەریان خست كە چیتر ناكرێت چارەسەری ئەم كێشەیە (كێشەی كورد) دوابخرێت"، بەتایبەت كە ئۆجەلان پێی وایە "هەوڵدەدرێت لە ڕێگەی دەستێوەردانی دەرەكییەوە ئاڵۆزتر بكرێت".

"من خاوەنی ئەو شارەزایی و بڕیارەم كە بەشداریی پێویست لە پارادایمە نوێیەكەدا بكەم، كە بەڕێزان باخچەلی و ئەردۆغان پشتیوانیی لێ دەكەن"، ئۆجەلان وا دەڵێت.