نێچیرڤان بارزانی: پارتی و یەكێتی حكومەت پێك دەهێنن بە بەشداریی پێكهاتەكانی دیكەیش

26-02-2025 11:53

پەرەگراف

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێی وایە "پێویستە كاتی باشتر بە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم" بدرێت و ڕایشیدەگەیەنێت "ئێستا یەكێتی و پارتی لە پرۆسەیەكی گفتوگۆدان بۆ ئەوەی ئەو بنەمایانەی كە جێی بایەخی هەردوولان، لە ڕێكەوتنێكدا جێگیری بكەن كە ببێتە بنەمایەك بۆ پێكهێنانی حكومەت".

نێچیرڤان بارزانی لە كاتی بەشداری لە پانێڵێكی سێیەمین كۆڕبەندی هەولێر كە ئەمڕۆ دەستی پێ‌ كرد، ڕایگەیاند "هەر ئێستا لە هەولێر، وەفدی پارتی و یەكێتی لە گفتوگۆی جیدیدان لەسەر پێكهێنانی حكومەتی هەرێم".

سەبارەت بە لایەنە سەرەكییەكانی پێكهێنەری حكومەت، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند "پارتی و یەكێتی دەبن"، بەڵام وتیشی "پێكهاتەكانی تریش بەشدار دەبن".

سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بە هەوڵی پارتی و یەكێتی بۆ پێكهێنانی حكومەت بەبێ‌ كەتر كرد و وتی "ڕاستییەكەی ئەوەیە كە یەكێتی و پارتی لەگەڵا هەموو لایەنەكانی دیكە هەوڵیان دا بەبێ‌ یەكتر حكومەت پێك بهێنن، یەكێتی هەوڵی دا لەگەڵ لایەنەكانی دیكە حكومەت پێك بهێنێت و پارتییش هەوڵی دا، بەڵام ناچێتە سەر و دەبێت ئەم دوو حیزبە پێكەوە حكومەت پێك بهێنن".

دەربارەی دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت بۆ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و بەستنەوەی ئو دوو بابەتە پێكەوە، نێچیرڤان بارزانی وتی "پێویستە بابەتی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی عێراق تێكەڵ نەكرێن و خەڵكی كوردستان چاوەڕێیە حكومەتی هەرێم زۆر زووتر لەوە پێك بێت".

سەرۆكی هەرێمی كوردستان تیشكی خستە سەر قۆناغی دوای ڕێككەوتنی ستراتیژیی ساڵی 2005ـی نێوان پارتی و یەكێتی و بە قۆناغی "ئاوەدانی و پێشكەوتنی سیاسی و كۆمەڵایەتی" بۆ كوردستان وەسفی كرد. سەبارەت بە ئێستای پەیوەندییەكانی ئەو دوو حیزبەیش وتی "ئەوەی ئێستا بە تەواوەتی ناوی نانێین ڕێككەوتنی ستراتیژی، بەڵام بنەمایەكی دروستی ئیداری و سیاسییە بۆ ئەوەی چۆن حوكمڕانی لەناو كوردستاندا چارەسەر بكەین، كێشە ئیداری و سیاسییەكان چارەسەر بكەین".