سوودانی: لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ ئەو کۆمپانیا نەوتییانە دەکەینەوە کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن
پەرەگراف
محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند، پاش تێپەڕاندنی هەمواری یاسای بودجە، ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکەن رێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی خاوی هەرێم بۆ بەندەری جەیهان تەواو بکەن.
لە وتارێکدا بۆ کۆڕبەندی هەولێر، سەرکوەزیرانی عێراق وتی، لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە دەکەنەوە کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، "بە جۆرێک کە بەشدار بێت لە بنیاتنانی ئابووریی عێراق و مافی هاونیشتیمانیی هەرێمی کوردستانیش مسۆگەر بکات، ئەوەش لە رێگەی گەرەنتیکردنی ئەوەی کە مافی خۆیان بەبێ هیچ کەموکوڕییەک لە مووچە و شایستە داراییەکانی دیکەیان وەرگرن".
پێشتر بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، لە ئێستادا ڕۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت و لەم قۆناغەدا 180 هەزار بەرمیلی هەناردە دەکرێت و بەشەكەی دیکەی لە ناوخۆدا بەكاردێت، چاوەڕێی وەڵامی تورکیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.
باسم محەمەد خزەیر، بریكاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری بەرهەمهێنان بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی گوت، راگرتنی کارەکانی هەناردەکردن لە هەرێمی کوردستانەوە لە ماوەی رابردودا کێشەی بۆ کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم دروستکردووەو پێویستی بە ماوەیەک هەیە بۆ گەڕاندنەوەی توانای بەرهەمهێنان بە ئامانجی گەیشتن بە هەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کە نزمترین بڕی دیاریکراوە بەپێی یاسای بودجە.