وەزارەتی نەوتی عێراق: لەم قۆناغەدا 185 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی دەرەوە دەکرێت
پەرەگراف
بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، لە ئێستادا ڕۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت و لەم قۆناغەدا 180 هەزار بەرمیلی هەناردە دەکرێت و بەشەكەی دیکەی لە ناوخۆدا بەكاردێت.
باسم محەمەد خزەیر، بریكاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری بەرهەمهێنان بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی گوت، راگرتنی کارەکانی هەناردەکردن لە هەرێمی کوردستانەوە لە ماوەی رابردودا کێشەی بۆ کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم دروستکردووەو پێویستی بە ماوەیەک هەیە بۆ گەڕاندنەوەی توانای بەرهەمهێنان بە ئامانجی گەیشتن بە هەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کە نزمترین بڕی دیاریکراوە بەپێی یاسای بودجە.
بریکاری وەزارەتی نەوت دەشڵێت، لەلایەن هەرێمەوە ئاگادارکراونەتەوە کە ئامادەن بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی هەناردەکردن، "تیمە تەکنیکیەكانی کۆمپانیای نەوتی باکور و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان کاردەکەن بۆ پشکنینی بۆرییەکانی هەناردەکردنی نەوت و دڵنیابون لە گونجاوی و ئامادەیی بۆ دەستپێکردنەوەی ناردنی نەوت لە رێیانەوە، وەزارەتی نەوت پەیوەندی بە لایەنی تورکیاوە کردووە دەربارەی ئامادەیی ئەو بۆرییەی کە بۆ هەناردەکردن لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە دیاریكراوە و چاوەڕوانی وەڵامین لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتودا".
سامانە سروشتییەکان ڕێککەوتن پشتڕاست دەکاتەوە
ئەوە لەکاتێکدایە هەر ئەمڕۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان گەیشتنە ڕێککەوتنی ڕاگەیاند لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان.
وەزارەتەکە دەڵێت "ئەمڕۆ دوای پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان هەردوو وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێککەوتین لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بەپێی بڕی بەردەست".
بۆ ئەو مەبەستە تیمێکی تەکنیکیی هاوبەش بەمەبەستی پشکنینی بۆرییەکانی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لەنێوان هەردوولادا پێک هێنراوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەڵێت "لەم ڕووەوە پابەندبوونی خۆمان بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی دووپات دەکەینەوە".
ڕۆژی 02-02-2025، پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای بودجەی پەسەند کردو دواتر سەرۆککۆمار هەموارەکەی واژۆ کرد، لە هەموارەکەدا گۆڕانکاری لە بڕگەی تایبەت بە نەوتی هەرێم کراوە.
بەپێی بڕگە هەموارکراوەکە، لیژنەیەکی تایبەتمەند پێک دەهێنرێت بۆ هەڵسەنگاندنی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان و نەوتەکە لەڕێی کۆمپانیای سۆمۆی عێراق دەفرۆشرێت و داهاتەکەی دەچێتە خەزێنەی فیدراڵ، لە بەرامبەردا بەغداد مووچەو بودجە بۆ هەرێم دەنێرێت.
هەر بەپێی یاسای نوێی بودجە، بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی یەک بەرمیل نەوت 16 دۆلار بە هەرێم دەدرێت، ئەوەش بە ڕێککەوتنێکی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق و کۆمپانیا بیانییەکانی نەوتی هەرێم بوو، کە دواتر لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەند کرا و ئاراستەی پەرلەمانی عێراق کرا.
سەرەتای ئەم هەفتەیە شاندی دانوستاندنكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد رایگەیاند "لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ شاندی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی كە ڕۆژی 18-02-2025 لە هەولێر بەڕێوەچوو، ئەوە دووپات كرایەوە جێبەجێكردنی یاسای بودجە پێویستی بەوەیە، پێش دەستپێكردنەوەی هەناردەكردن، ڕێككەوتنێك لەسەر دیاریكردنی بڕێك بۆ مەبەستی بەكارهێنانی ناوخۆیی بەپێی پێویستییەكانی هەرێم و پابەندبوونەكانی، هاوشێوەی بەشەكانی دیكەی عێراق بكرێت".
ئەگەر پشكی هەرێم لە نەوتی خاو بۆ پێداویستیی ناوخۆ دابنرێت، چاوەڕوانى خەڵکى هەرێمى کوردستان ئەوەیە کە كێشەی نەوتی سپیی ماڵان و بەنزین چارەسەر بكرێت، چونکە نرخیان بەرزە و چەند ساڵە هاووڵاتیانی هەراسان كردووە. لە كاتێكدا هەرێمەكە خاوەنی نەوتێكی زۆرە، بەڵام نەوتی سپی و بەنزین بە نرخی گونجاو ناگاتە دەستی هاووڵاتی.
داواكاریی حكومەتی هەرێم بۆ دیاریكردنی پشكی نەوت بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ، لە كاتێكدایە تا ئێستا كە نەوت لەژێر كۆنترۆڵی خۆیدا بووە، ساڵانە یەك بەرمیل نەوتی بۆ هەر خێزانێكی هەرێم دابین كردووە و لە بەرامبەر 104 هەزار دیناریشی وەرگرتووە، لە كاتێكدا حكومەتی عێراق بۆ هەمان بڕ 50 هەزار دینار وەردەگرێت.
هەروەها حكومەتی هەرێم، بەنزین بە "نرخی پاڵپشتیكراو" بۆ هاووڵاتیانی دابین دەكات، كە بە نرخێكی زیاتر لە بازاڕدا دەیكڕێتەوە و هەر لیترێكی بە 750 دینار بە شۆفێران دەدات، بەڵام زۆرینەی شۆفێران لە كوالێتییەكەی ڕازی نین و بەكاری ناهێنن. هاوكات حكومەتی عێراق لە پاڵاوگە ناوخۆییەكانی خۆی بەنزین بۆ شۆفێران دابین دەكات، كە نرخی هەر لیترێكی 450 دینارە و كوالێتییەكەشی بەرزە.
هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان، لە 25-03-2023ـەوە ڕاگیراوە، ئەوەش پاش بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس لە بەرژەوەندیی سکاڵایەکی وەزارەتی نەوتی عێراق دژی تورکیا.