وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان ڕێککەوتین

23-02-2025 12:25

پەرەگراف

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان گەیشتنە ڕێککەوتنی ڕاگەیاند لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان.

وەزارەتەکە دەڵێت "ئەمڕۆ دوای پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان هەردوو وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێککەوتین لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بەپێی بڕی بەردەست".

بۆ ئەو مەبەستە تیمێکی تەکنیکیی هاوبەش بەمەبەستی پشکنینی بۆرییەکانی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لەنێوان هەردوولادا پێک هێنراوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەڵێت "لەم ڕووەوە پابەندبوونی خۆمان بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی دووپات دەکەینەوە".

ڕۆژی 02-02-2025، پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای بودجەی پەسەند کردو دواتر سەرۆککۆمار هەموارەکەی واژۆ کرد، لە هەموارەکەدا گۆڕانکاری لە بڕگەی تایبەت بە نەوتی هەرێم کراوە.

بەپێی بڕگە هەموارکراوەکە، لیژنەیەکی تایبەتمەند پێک دەهێنرێت بۆ هەڵسەنگاندنی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان و نەوتەکە لەڕێی کۆمپانیای سۆمۆی عێراق دەفرۆشرێت و داهاتەکەی دەچێتە خەزێنەی فیدراڵ، لە بەرامبەردا بەغداد مووچەو بودجە بۆ هەرێم دەنێرێت.

هەر بەپێی یاسای نوێی بودجە، بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی یەک بەرمیل نەوت 16 دۆلار بە هەرێم دەدرێت، ئەوەش بە ڕێککەوتنێکی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق و کۆمپانیا بیانییەکانی نەوتی هەرێم بوو، کە دواتر لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەند کرا و ئاراستەی پەرلەمانی عێراق کرا.

هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان، لە 25-03-2023ـەوە ڕاگیراوە، ئەوەش پاش بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس لە بەرژەوەندیی سکاڵایەکی وەزارەتی نەوتی عێراق دژی تورکیا.