حکومەتى هەرێم دەربارەى ڕادەستکردنى نەوت وەڵامى وەزارەتى نەوتى عێراقى دایەوە

22-02-2025 09:34

پەرەگراف

حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراق دەداتەوە و پابەندی دەردەبڕێت بۆ ڕادەستكردنی نەوت بەپێی یاسای بودجە بە كۆمپانیای سۆمۆ، بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەكردنی لە ڕێگای بەندەری جەیهانی توركیاوە، بەڵام داوای دیاریكردنی بڕە نەوتێك بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی هەرێم دەكات، كە ئەوەش بەپێی ڕێككەوتنێك بێت بەر لە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت.

ئەمڕۆ شەممە ٢٢-٠٢-٢٠٢٥، وەزارەتی نەوتی عێراق تەواوبوونی ڕێكارەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركییەوە ڕاگەیاند، داوای لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان كرد نەوتی بەرهەمهێنراو ڕادەستی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بكەن بە مەبەستی هەناردەكردنی، بەپێی ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان ئەنجام دراون.

لە وەڵامی داواكارییەكەی وەزارەتی نەوتی عێراقدا، شاندی دانوستاندنكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت "لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ شاندی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی كە ڕۆژی 18-02-2025 لە هەولێر بەڕێوەچوو، ئەوە دووپات كرایەوە جێبەجێكردنی یاسای بودجە پێویستی بەوەیە، پێش دەستپێكردنەوەی هەناردەكردن، ڕێككەوتنێك لەسەر دیاریكردنی بڕێك بۆ مەبەستی بەكارهێنانی ناوخۆیی بەپێی پێویستییەكانی هەرێم و پابەندبوونەكانی، هاوشێوەی بەشەكانی دیكەی عێراق بكرێت".

ئەگەر پشكی هەرێم لە نەوتی خاو بۆ پێداویستیی ناوخۆ دابنرێت، چاوەڕوانى خەڵکى هەرێمى کوردستان ئەوەیە کە كێشەی نەوتی سپیی ماڵان و بەنزین چارەسەر بكرێت، چونکە نرخیان بەرزە و چەند ساڵە هاووڵاتیانی هەراسان كردووە. لە كاتێكدا هەرێمەكە خاوەنی نەوتێكی زۆرە، بەڵام نەوتی سپی و بەنزین بە نرخی گونجاو ناگاتە دەستی هاووڵاتی.

داواكاریی حكومەتی هەرێم بۆ دیاریكردنی پشكی نەوت بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ، لە كاتێكدایە تا ئێستا كە نەوت لەژێر كۆنترۆڵی خۆیدا بووە، ساڵانە یەك بەرمیل نەوتی بۆ هەر خێزانێكی هەرێم دابین كردووە و لە بەرامبەر 104 هەزار دیناریشی وەرگرتووە، لە كاتێكدا حكومەتی عێراق بۆ هەمان بڕ 50 هەزار دینار وەردەگرێت.

هەروەها حكومەتی هەرێم، بەنزین بە "نرخی پاڵپشتیكراو" بۆ هاووڵاتیانی دابین دەكات، كە بە نرخێكی زیاتر لە بازاڕدا دەیكڕێتەوە و هەر لیترێكی بە 750 دینار بە شۆفێران دەدات، بەڵام زۆرینەی شۆفێران لە كوالێتییەكەی ڕازی نین و بەكاری ناهێنن. هاوكات حكومەتی عێراق لە پاڵاوگە ناوخۆییەكانی خۆی بەنزین بۆ شۆفێران دابین دەكات، كە نرخی هەر لیترێكی 450 دینارە و كوالێتییەكەشی بەرزە.

ڕۆژی 02-02-2025، پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای بودجەی پەسەند کردو دواتر سەرۆککۆمار هەموارەکەی واژۆ کرد، لە هەموارەکەدا گۆڕانکاری لە بڕگەی تایبەت بە نەوتی هەرێم کراوە.

بەپێی بڕگە هەموارکراوەکە، لیژنەیەکی تایبەتمەند پێک دەهێنرێت بۆ هەڵسەنگاندنی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان و نەوتەکە لەڕێی کۆمپانیای سۆمۆی عێراق دەفرۆشرێت و داهاتەکەی دەچێتە خەزێنەی فیدراڵ، لە بەرامبەردا بەغداد مووچەو بودجە بۆ هەرێم دەنێرێت.

هەر بەپێی یاسای نوێی بودجە، بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی یەک بەرمیل نەوت 16 دۆلار بە هەرێم دەدرێت، ئەوەش بە ڕێککەوتنێکی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق و کۆمپانیا بیانییەکانی نەوتی هەرێم بوو، کە دواتر لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەند کرا و ئاراستەی پەرلەمانی عێراق کرا.

هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان، لە 25-03-2023ـەوە ڕاگیراوە، ئەوەش پاش بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس لە بەرژەوەندیی سکاڵایەکی وەزارەتی نەوتی عێراق دژی تورکیا.