دوای 9 ساڵ؛ تۆمەتبارێكی سەرەكیی هێرشكردنەسەر ئاسۆس هەردی برایە بەردەم دادگا

19-10-2020 04:41
ئاسۆس هەردی ئەو ڕۆژەی هێرشی كرایەسەر، ئاسەواری هێرشەكە بە ڕوخساریەوە دیارە. وێنە؛ زمناكۆ ئیسماعیل.

پەرەگراف

ئەمڕۆ بۆ یەكەمجار تۆمەتبارێكی سەرەكیی دۆسیەی هێرشكردنەسەر ڕۆژنامەنووس ئاسۆس هەردی بە ڕاگیراوی برایە بەردەم دادگا، ئەوەش دوای 9 ساڵ تێپەڕین بەسەر ڕووداوەكە‌و ئەنجامدانی 15 دانیشتنی دادگا. 

تۆمەتبارەكە ئەفسەرێكی پلە باڵای یەكەی 70ی هێزەكانی پێشمەرگەیە كە سەربە یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە، پێشتر چەندینجار دادوەر داوای كردووە لەبەردەم دادگا ئامادەبێت، بەڵام ئامادە نەبووە.

ئاسۆس هەردی، نووسەرو ڕۆژنامەنووس، بەڕێوەبەری كۆمپانیای ئاوێنەیە بۆ چاپ‌و بڵاوكردنەوە، ساڵی 2011 لەلایەن چەند كەسێكەوە لە نزیك ئۆفیسی كۆمپانیاكەیان پەلاماردراو بە سەختی بریندار كرا.

ماڵپەڕی ئاوێنە لە زاری كارزان فازڵ، پارێزەری دۆسیەی هێرشكردنەسەر ئاسۆس هەردی، بڵاویكردەوە "ئەمڕۆ دوشەممە(19-10-2020) بۆ یەكەمجار یەكێك لە تۆمەتبارە سەرەكییەكانی كەیسی هێرشكردنەسەر ئاسۆس هەردی بەدەستگیراوی ئامادەی بەردەم دادگا كرا، لەبەرئەوەی لەلایەن ئاسایشەوە لەسەر كەیسێكی تر ڕاگیراوە".

ئەو تۆمەتبارە سەرەكییەی دۆسیەكە، ئەفسەرێكی پلە باڵای هێزەكانی (70)یە، پێشتر دادگای تاوانەكانی سلێمانی 3، چەندین جار بەنوسراو داوای لە وەزارەتی پێشمەرگە/ هێزەكانی (70) كردووە كە پسوڵەی ئاگاداركردنەوەی بدرێتێ بۆ ئەوەی ڕۆژی دادبینی لەبەردەم دادگا ئامادە بێت، بەڵام 15 دانیشتنی دادگا بەڕێوەچووەو ئەو تۆمەتبارە ئامادە نەبوووە، تا بەهۆی كەیسێكی دیكەوە دەستگیر كراوەو دادوەر بڕیاریداوە بەدەستگیركراوی ببرێتە بەردەم دادگا لە دۆسیەی ئاسۆس هەردیدا.

لە دۆسیەی هێرشكردنەسەر ئاسۆس هەردی، سێ تۆمەتبار هەن، یەكێكیان شۆفێری ئۆتۆمبێلی هێرشكارەكانە‌و حوكم دراوەو تۆمەتباری سەرەكی نییە، دووەمیشیان تۆمەتباری سەرەكییەو ئەمڕۆ براوەتە بەردەم دادگا، تۆمەتباری سێهەمیش پێشمەرگەی سەربە هێزەكانی (70)یە‌و لەلایەن دادگاوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە، بەڵام تا ئێستا دەستگیر نەكراوەو تۆمەتبارێكی سەرەكیی هەڵهاتووە.

پارێزەری دۆسیەی هێرشكردنەسەر ئاسۆس هەردی دەڵێت "دانیشتنی ئەمڕۆ تایبەت كرا بە یەكێك لە تۆمەتبارە سەرەكییەكان‌و ڕێوشوێنی دادگاییكردنەكە دەستیپێكرد، بەڵام لەبەرئەوەی پارێزەری تۆمەتبار ئامادە نەبوو، دۆسیەی دادگاییكردنەكە دواخرا بۆ 27-10-2020".